رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسیکی هاتووچۆی پارێزگای موسەننا کە ماوەی کەمتر لە ساڵێکە بەشێوەی گرێبەست دامەزراوە بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا.
رۆژی سێشەممە، 30-07-2024، سەعد زەیادی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای موسەننا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ یەکێک لە پۆلیسەکانی هاتووچۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە کاتی ئەرکدا و بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە گیانی لەدەستدا."
ئەو پۆلیسە ناوی موحسین موسیر نوورە و تەمەنی 22 ساڵە، دانیشتووی ناحیەی مەملەحەی سەر بە پارێزگای موسەننا بوو، کەمتر لە ساڵێک بوو بە گرێبەست دامەزرابوو.
سەعد زەیادی گوتی: "دوای ئەوەی پۆلیسی هاتووچۆ لە رووداوێکی هاتووچۆ ئاگاداردەکرێتەوە، موحسین بە ماتۆڕسکیلی پۆلیسی هاتووچۆ دەچێتە شوێنی رووداوەکە، پێش ئەوەی بگاتە شوێنەکە لە پشتەوە ئۆتۆمبێلێک خۆی پێدا دەکێشێت و گیان لەدەستدەدات."
14ـی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، 250 پۆلیسی هاتووچۆ بە گرێبەست بۆ پارێزگای موسەننا دامەزران، کە موحسین موسیر یەکێکیان بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ