رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق راسپاردەیەکی پەسند کرد کە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی بەرهەمە نەوتییەکان، یەکێک لە راسپاردەکان داوا دەکات پێداچوونەوە بە بڕى نەوتى خاوى تەرخانکراو بۆ هەرێمى کوردستان بکرێت، هەروەها پەلە بکرێت لە دابینکردنی نەوتی ماڵان بۆ وەرزى زستان.
دووشەممە 21ی ئەیلوولی 2026، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر ئەو راسپاردانە درا کە 12 خاڵن و تایبەتن بە کێشەى کەمى بەرهەم نەوتییەکان لەعێراق و هەرێمى کوردستان، راسپاردەکانیش ئاڕاستەى حکومەت کران.
سەلوان ئاکرەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، راسپاردەکان بە زۆرینەی دەنگ پەسند کران بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین و دەستەبەرکردنی بڕی پێویست و چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی نەوتی ماڵان لە هەرێمی کوردستان.
لە یەکێک لە خاڵەکانی راسپاردەکەدا هاتووە، کە چارەسەرى کێشەى بەرهەمە نەوتییەکان لە هەرێمى کوردستان بکرێت لە رێگەى پێداچوونەوە بە بڕى نەوتى خاوى تەرخانکراو بۆ هەرێمى کوردستان و دەستەبەرکردنى نەوتى ماڵان بەشێوەیەکى خێرا بۆ وەرزى زستان.
پۆلا سیروان دێرەشەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چارەسەری کێشەی کەمیی نەوتی ماڵان لە هەرێمی کوردستان بەگوێرەی راسپاردەکە بە هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ هەرێمى کوردستان دابین بکرێت."
لە راسپاردەکاندا هاتووە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چاو بخشێنێتەوە بە بڕیارێکى بۆ زیادکردنی نرخی بەرهەمە نەوتییەکان، هەروەها راپۆرتێک بدرێتە پەرلەمان لەبارەى بڕی بەرهەمهێنان، هاوردە، بەکارهێنان، تێچووەکەی و یەدەگی بەرهەمە نەوتییەکان و ئەو بڕەی بۆ پارێزگاکان تەرخان دەکرێت.
رۆژانە و لە وەرزی گەرمادا عێراق پێویستی بە 35 ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، بەڵام نزیکەی پێنج ملیۆن لیتر کورتهێنانی هەیە.
یەکێک لە راسپاردەکانی دیکە ئەوەیە کە خشتەیەکی کاتی دابنرێت بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی لە بەرهەمە نەوتییەکان و کۆتاییهێنان بە هاوردەکردنی، هەروەها چاودێرى لەسەر سیستمى دابەشکردنى وزە تووند بکرێت لە کۆگەکانەوە تاوەکو دەگاتە وێستگەکانى دابەشکردنى و چارەسەرکردنى دزەپێکردن و بەهەدەردانى و تاوتوێکردنى نموونەى ئابوورى تایبەت بە فرۆشتنى نەوت لە نێوخۆدا تاوەکو لەگەڵ لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق گفتوگۆى لەسەر بکرێت بەر لەوەى بکەوێتە بوارى جێبەجێکردن.



