رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا رایگەیاند، لە گفتوگۆکانی تایبەت بە رێکخستنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، هیچ داوایەکی کەسی و سیاسییان نەبووە.
دووشەممە 21ی ئەیلوولی 2026، ئەبو ئالا وەلائی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا راگەیێنراوێکی لەبارەی دانوستاندنەکانی تایبەت بە کۆنتڕۆڵکردنى چەک لەدەستى دەوڵەت بڵاوکردەوە.
ئەبو ئالا وەلائی پرۆسەکەی بە "رێکخستنی چەک" ناوبردووە و دەڵێت: "لە گفتوگۆکاندا هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەت پێش بەرژەوەندیی عێراق نەخراوە".
هاوپەیمانانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان، لیژنەیەکی سێ کەسییان پێکهێناوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سێ گرووپی چەکداری نێو "موقاوەمەی ئیسلامی" لە عێراق، کە هێشتا بەشدار نەبوون لە پرۆسەی سنوردارکردنى چەک لە دەستی دەوڵەت و کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا یەکێکە لەو گرووپانە.
ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا رایگەیاند، بەربەستی سەرەکی، سەروەریی عێراق و بڕیاری نیشتمانی و سەربەخۆییەکەیەتی، هەروەها رەتکردنەوەی ژێردەستەیی و دەستوەردانی دەرەکییە.
30ى ئەیلوول دوا وادەیە بۆ کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق، کە مەرجی ئەو سێ گرووپەیە بۆ بەشداریکردن لە کۆنتڕۆڵکردنى چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
ئەبو ئالا وەلائی دەنووسێت: "بەرگرى تاوەکو ئەو کاتەی عێراق دەبێتە خاوەنی بڕیاری خۆی".



