رووداو دیجیتاڵ
جەمال کەربوولی، سەرۆکی پێشووی کۆمەڵەی مانگی سووری عێراق، بە بەندکردن و پێبژاردنی 4.5 ملیۆن دۆلار سزا درا کە گوایە لە سعودیە وەریگرتووە ، بەڵام خۆى دەڵێت " یەک سەنتم لە سعودیە وەرنەگرتووە و دانپێدانانەکانم لە ژێر ئەشکەنجەدا بووە".
میدیا فەرمی عێراق رایگەیاند، جەمال کەربوولی بەگوێرەی بڕیاری دادگا، بەپێی مادەی 453ی یاسای سزادانی عێراقی، بە ساڵێک بەندکردن سزا دراوە، لەگەڵ راگرتنی جێبەجێکردنی ئەو سزایە بەهۆی هەڵکشانی تەمەنییەوە.
جەمال کەربوولی سەرۆکی بزووتنەوەی نیشتمانی بۆ چاکسازی و گەشەپێدانە کە بە "حەل" ناسراوە و پارتێکی سوننەیە.
ئەو بەرپرسە سوننەیە لەلایەن دادگاوە ناچار کراوە کە 4.5 ملیۆن دۆلار وەک پێبژاردن بدات.
سەرچاوەیەک لە کۆمەڵەی مانگی سووری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو دۆسیەیە پەیوەندیدارە بە وەرگرتنی پارە لە رێکخراوە بیانیەکان بۆ دابەشکردن لەنێوخۆدا، کە ئەو کاتە جەمال کەربوولی سەرۆکی کۆمەڵەکە بووە.
بەگوێرەی سزاکە، دەبێت جەمال کەربوولی ئەو 4.5 ملیۆن دۆلارە بگەڕێنێتەوە بۆ کۆمەڵەی مانگی سووری عێراق، بەهۆی ئەوەی دەستی بەسەر ئەو بڕە پارەیەدا گرتووە کە لە لایەن سعودیەوە بەخشراوە بەو کۆمەڵەیە لەو ماوەیەی، کە ئەو سەرۆکایەتی کردووە.
لە نێوان ساڵانی 2004 تاوەکو 2008 جەمال کەربوولی سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری عێراق بووە.
جەمال کەربوولی تەمەن 61 ساڵ، خەڵکی قەزای موسەیبی پارێزگای بابلە و یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی هاوپەیمانیی عێراقییە لە ساڵی 2013.
دووشەممە 21ى ئەیلوولی 2026، جەمال کەربوولی لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، ئەو بڕیارەی دادگە بەهۆی هەڵوێستە سیاسییەکانیەوە بووە و ئەو دانپێدانانانەی کە بەهۆیانەوە دادگا بڕیاری داوە، بە زۆر و لە ژێر ئەشکەنجەدا لێی وەرگیراوە.
لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراوە بەوەی پارەی لە سعودیە وەرگرتووە، جەمال کەربوولی دەڵێت: "یەک سەنتم لە سعودیە وەرنەگرتووە".




