27 برینداری غەززە لە عێراق چارەسەر وەردەگرن

30-05-2024
ئەنمار غازی
بریندارێکی فەلەستینی لە نەخۆشخانەیەکی بەغدا.
بریندارێکی فەلەستینی لە نەخۆشخانەیەکی بەغدا.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لەنێو نەخۆشخانەی پەرستاریی تایبەت لە بەغدا، 27 برینداری فەلەستینی هەن کە عێراق لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا بەناوی"فریای غەززە بکەون" وەریگرتوون.
 
ئینتیساری تەمەن 57 ساڵ یەکێکە لەو بریندارانەی بەچاوی پڕ فرمێسکەوە باسی هەواڵەکانی شەڕی دەکرد، ئەو دڵی لای چوار کوڕەکەیەتی کە بە دیل کەوتوونەتە دەستی سوپای ئیسرائیل.
 
ئینتیسار حوسێن، برینداری فەلەستینییە و دەڵێت: "لێرە بەتەنیا دەخەوم و کەس نازانێت چیم لێ بەسەردێت، کە دەخەوم فرمێسکەکانی لە رووخسارمدایە، لە زۆریی بیرکردنەوە سەرم دێشێت، زۆر جار دەڵێم خۆزگە منیش لەگەڵیان شەهید دەبووم، ئێمە لەسەر جێگە مردنی لەسەرخۆ دەمرین، ئەوەی مرد ئارام بوو و رووبەڕووی خودا بوویەوە باشترە لەم دونیایە." 
 
42 کەس هاوەڵی نەخۆشەکانن، ئەنجامەکانی پشکنین دەریخستووە بەشێکیان تووشبووی شێرپەنجەن، ریم یەکێکە لەوان کە دایکی سێ منداڵە و لێرەیە، 24 کەس لە خانەوادەکەی گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا کوڕە گەورەکەی کە لە بۆردومانی خانووەکەیان لە خان یونس کوژرا.
 
ريم محەممەد ئەبو تەها، برینداری فەلەستینییە و باس لەوە دەکات: "چەندین خێزانیان لە تۆماری مەدەنی سڕییەوە، خۆیان و منداڵەکانیان مردن، ئێمە سوپاس بۆ خوا لەژێر داروپەردوو دەریانهێناین، سەیر رزگاریان کردین، ئەو کات چووینە نەخۆشخانەکان، بەڵام لە غەززە نە ئازارشکێن و نە دەرمان هەیە، تەنانەت نەشتەرگەرییەکانیش بەبێ سڕکردن دەکرێت، لێرە هەر کە هاتینە نەخۆشخانەکانی عێراق، خێرا چارەسەرییان پێداین." 
 
کارمەندانی نەخۆشخانەکەی ئێرە لە بەغدا، هاوشێوەی شانەی هەنگ بەبێ وەستان کاردەکەن، چارەسەریی پێویست دەدەن و نەشتگەرەیی پێویستیش بۆ ئەو فەلەستییانەی لێرە دەمێننەوە دەکەن.
 
مەحەممەد كامیل، سەرۆکی پزیشکانی نەخۆشخانەی پەرستاریی تایبەت دەڵێت: "ئەگەر حکومەتی عێراق بڕیاری هێنانی برینداری دیکە بدات، ئەوا ئێمە ئامادەین بۆ ئەوە، پشتیوان بەخوا هیچ کەموکورتییەک روونادات." 
 
لەو نەخۆشخانەیە، هەر فەلەستینییەک چیرۆکی دڵتەزێنی هەیە، کاتێک چیرۆکی ئازارەکانیان و ئەو تۆقاندنەی لە ناوچە کارەساتباوییەکانیان هەیە.
 
هەرچەندە چارەسەرییان وەرگرتووە و ژیانیان رزگارکراوە، بەڵام ئەو فەلەستینییانەی هێندراونەتە عێراقن دڵیان بە خاکەکەیانەوە وابەستەیە و هەموو ساتێک لە نیگەرانییدان و بیریان لای چارەنووسی شار و کەسوکارەکانیانە.
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە