رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە بۆ بەشداریکردن لە 81ـەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرەو نیویۆرک بەڕێکەوت.
بڕیارە لەوێ گوتاری عێراق لەبەردەم نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوەکە پێشکێش بکات.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی فالح زەیدی، لە گوتارەکەیدا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی پێشهات و قەیرانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان دەخاتەڕوو.
هەروەها باس لە بەرنامەی حکومەتی عێراق دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگە ئابووری و گەشەپێدانانەی رووبەڕووی وڵاتەکە بوونەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق تیشک دەخاتە سەر ئەو هەنگاوە گرنگانەی عێراق لە بواری چاکسازیی ئابووریدا ناونی، لەگەڵ ئەوەشدا باسی هەوڵەکان دەکات بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، کرانەوە بەڕووی وەبەرهێنان و پاراستنی سەروەریی نیشتمانی.
پێشتر گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە رووداوی راگەیاند، لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، عەلی زەیدی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.
سەردانەکە لە کاتێکدایە کەمتر لە 10 رۆژ ماوە بۆ تەواوبوونی وادەی هەنگاوی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی گرووپە چەکدارەکان و کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە وڵاتەکە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتی کۆبوونەوەکەدا، زنجیرەیەک دیدار و گفتوگۆی دووقۆڵی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەی وڵاتان، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی شاندە بەشداربووەکاندا دەبێت.
حکومەت دەڵێت، لەو دیدارانەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەو وڵاتانە و دەرفەتەکانی پتەوکردنی هاوئاهەنگی ئابووری دەکرێت، بەجۆرێک کە لە بەرژەوەندیی هاوبەشدا بێت.


