رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کارگێڕیی فڕۆکەخانەکانی عێراق ئەو هەواڵانە رەت دەکاتەوە کە باس لە دەرکردنی بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئێران دەکەن.
ئەحمەد وەحید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی کارگێڕیی فڕۆکەخانەکانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 21ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک دەرنەچووە کە لە سبەی سێشەممەوە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئێران رابگیرێن و ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس دەکرێت دوورە لە راستییەوە."
ئەم رەتکردنەوەیە لە کاتێکدایە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەو جۆرە بڵاوکراوەتەوە کە حکومەتی عێراق بڕیاری داوە هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئێران لە رۆژی سێشەممەوە رابگرێ و هۆکارەکەیشی بۆ سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران گەڕێندراوەتەوە.
هاوکات، رێکخراوی فڕۆکەوانیی ئێران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، تاوەکو ئێستا لەلایەن عێراقەوە هیچ ئاگادارکردنەوەیەکیان بەدەست نەگەیشتووە و ئەو دەنگۆیانە رەت دەکەنەوە.
فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بریتین لە بەغدا، بەسرە، نەجەف، موسڵ، کەرکووک، هەولێر و جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی.


