رووداو- هەولێر
لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لە 17-10-2016، تاوەکو رۆژی سێزدەمین 29-10-2016هێزەکانی پێشمەرگە، لە میحوەرەکانی باشیک، ناوەران و تلسقۆف، 15 گوند، 2 کۆمەڵگە و ناحیەیەکیان کۆنترۆڵکردووە.
سوپای عێراقیش لە میحوەرەکانی، خازر، گوێڕ و گەیارە 10 گوند، 3 ناحیە، کە بریتین لە ناحییەکانی بەرتللە، نەمروود و کرملیس و قەزایەکیشی کۆنترۆڵکردووە، کە قەزای حەمدانیەیە.
هێزە عێراقییەکان لە میحوەری تلسقۆفیش، قەزای تلکێفیان گەمارۆداوە و هێرشی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی تەلەعفەر لە رۆژی شەممە 29-10-2016 دەستیپێکردووە.
لەماوەی ئەو 13 رۆژەی ئۆپەراسیۆنەکە، 600 خێزان، کە لە10 هەزار کەس پێکهاتوون، هاتوونەتە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە.
رۆژی یەکەم
17-10-2016
کاژێر 06:00 بەیانی رۆژی 17-10-2016، قۆناخی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ دەستیپێکرد.
قۆناخی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکە بەبەشداری 4000 پێشمەرگە، لە رۆژهەڵاتی موسڵ لە هەردوومیحوەرەکانی خازر و گوێڕ ئەنجامدرا.
لە قۆناخی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، لە میحوەری خازر 200 کیلۆمەتری چوارگۆشە ئازادکرا لە سنووری گوندەکانی باسەخڕە، بازگرتان، بەدەنەی گەورە، بەدەنەی بچووک، کەبەرلی، بازوایا، شێخ ئەمیر، تەرجەلە و شاقوڵی.
لە باشووری موسڵیش لە میحوەری گەیارە هێزەکانی سوپای عێراق دەستیان بە پێشڕەویکرد و7 گوند لە رۆژهەڵاتی رووباری دیجلە کۆنترۆڵکرانەوە، کە بریتی بوون لە گوندەکانی ، تەهارە، عەدلە، گوبەیبە، مەخلەد، سەید ئەحمەد، جەیاف، گوندەکانی ئیبراهیم خەلیل و کانی حەرامیە سوپا چووە ناویانەوە.
*****
رۆژی دووەم
18-10-2016
بەیانی رۆژی 18-10-2016، سوپای عێراق چووە ناو گوندی عەباس و دەورووبەری کاژێر10:00ی پێش نیوەڕۆ، 80% ی کۆنتڕۆڵکردەوە و 20% بەدەست داعش مابوو.
هەرچەند سوپای عێراق دووچاری رووبەڕووبوونەوەی داعش هات و لە قۆڵێک شکا، بەڵام دووبارە هێرشەکەیان درێژە پێدا و توانیان بەشی زۆری گوندکە کۆنتڕۆڵبکەن.
ئەم رووبەڕووبوونەوەی داعش تووندترین رووبەڕووبوونەوەی دوو رۆژی دەسپێکی ئۆپەراسیۆنەکە و 21 سەرباز لەو ناوچەیە برینداربوون، بەڵام برینی زۆربەیان سوکبوو.
هاوکات لە 3 قۆڵەوە هێرشی سوپای عێراق بەرەو گوندەکانی سەلاحیە، خدرئەلیاس، تل عاکوب لە سنووری ناحیەی نەمروود دەستپێکرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، دواتر لە گوندی عەباسیش کشانەوە ،بەڵام هەر لەژێر گەمارۆی خۆیاندابوو.
لە رۆژئاوای رووباری دیجلەش هێرشی سوپای عێراق بەردەوامبوو و کاژێر 2ی دوای نیوەڕۆ چوونە ناو ناحیەی شۆرە، لەماوەی دوو رۆژی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە لە گەیارەوە، کە 80 کیلۆمەتر لە سەنتەری موسڵەوە دوورە توانیان 30 کیلۆمەتر پێشڕەوی بکەن و ئێستا مەودای 50 کیلۆمەتریان لەبەردەمدا ماوە بۆ ناو موسڵ.
*****
رۆژی سێیەم
19-10-2016
رۆژی 19-10-2016، لە قۆڵی رۆژهەڵاتی دیجلە لە میحوەری گوێڕ، شەڕی سوپای عێراق و داعش بەردەوامی هەبوو لە هەردوو گوندەکانی: عەباسی و کانی حەرامی و سنووری ناحیەی نەمروود، هەرچەند 18-10-2016 هەواڵی کۆنتڕۆڵکردنی گوندی عەباسی و قەزای حەمدانییە بڵاوبووەوە، بەڵام شەڕ لەو ناوچانەدا هەر مابوو.
لە قۆڵی رۆژئاوای دیجلەش، لە میحوەری گەیارە، لە دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی گوندکانی زەوییە و هەردوو گوندی حودی سەروو، حودی خواروو، حوس و حەمیدیە و چوونە ناو ناحیە شۆرە ، هیچ پێشڕەوی نەکرا و چاوەڕوانی پێشڕەوی قۆڵی رۆژهەڵاتی دیجلەبوون بەرەو سەلامییە، کە هێشتاش رووینەداوە.
*****
رۆژی چوارەم
20-10-2016
دوو رۆژ هێرشەکانی پێشمەرگە وەستان، بەڵام گەمارۆدانی داعش بەردەوامبوو، سوپای عێراقیش لە میحوەرەکانی خازر و گوێڕ پێشڕەوی کرد بەرە و بەرتڵە و حەمدانییە.
لە میحوەرەکانی باشیک، ناوەران و تلسقۆف پێشڕەوی پێشمەرگە بە هێواشی دەستیپێکردەوە، ئەمەش دوای 2 رۆژ وەستان لە پێشڕەوی، دوای شەهیدبوونی ژمارەیەک پێشمەرگەی فەرماندەیی هەڵگورد لە رۆژی 17-10-2016.
لە رۆژی چوارەمدا لە میحوەری باشیک، گوندەکانی تیس خرابی گەورە، تیس خرابی بچووک، پیرحەلان و خرابە دەلیل کۆنتڕۆڵکران.
لە میحوەری ناوەرانیش، گوندەکانی ناوەران،قاییم، باریمە و سماقی کۆنتڕۆڵکرانەوە.
لە میحوەری تلسقۆفیش گوندی کریستیان نشینی مارئۆراهای کۆنتڕۆڵکرایەوە.
*****
رۆژی حەوتەم
23/10/2016
دوای نیوەڕۆی 23/10/2016 پێشمەرگە لە میحوەرەکانی ناوەران و چیایی زەرتک پێشڕەوییان کرد و هەردوو قۆڵەکە بازنەی گەمارۆی باشیکیان تەواوکرد و گەیشتنەوە یەکدی.
*****
ئامارەکانی 7 رۆژی شەڕ
160 کیلۆمەتر چوارگۆشە
شانەی راگەیاندنی جەنگی لە بارەی حەوتەم رۆژی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ رایگەیاند فیرقەی 9ی زرێپۆش لە حەمدانییە چەندین شوێنی لەدەستی داعش دەرهێناوە و 36 چەکداری داعشیان کوشتووە، ٤ ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراویشیان تێکشکاندووە.
شانەی راگەیاندنی جەنگی راشیگەیاند " فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی نەینەوا و فەرماندەیی پۆلیسی فیدرالی 12 گوندیان کۆنتڕۆڵکردووەتەوە و کۆی رووبەری کۆنتڕۆڵکراویش 160 کیلۆمەتر چوارگۆشە بووە".
شانەی جەنگی لەبارەی زیانەکانی داعش لە شەڕی ئەو گوندانەدا ئاماری کوژراوانی داعشی راگەیاند و بەگوێرەی راگەیێندراوەکەیان 139 چەکداری داعش کوژرابوون و 14 ئۆتۆمبێلیشیان تێكشکێندرابوون. بەڵام هیچ ئامارێکی لەبارەی زیانەکانی سوپای عێراق و هێزەکانی دیکە بڵاونەکردەوە.
شانەی جەنگی جەختیشی لەوە کردبووەوە، کە لە میحوەری بەنداوی موسڵ هێزەکان گەمارۆی تەواوی قەزای تلکێف-یان داوە.
*****
رۆژی هەشتەم
24-10-2016
گوندی فازڵییە بەتەواوی گەمارۆدرا و خورساباد کۆنتڕۆڵکرایەوە.
*****
رۆژی نۆیەم
25-10-2016
ئەنجامەکانی ئۆپەراسیۆن بڵاوکرانەوە، کە بریتی بوون لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی 78 شارۆچکە و گوند، کوژرانی 772 چەکداری داعش و دەستگیرکردنی 23 چەکداری داعش، تێکشکاندنی127 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و دۆزینەوەی 2 کارگەی دروستکردنی بۆمب، هەروەها تەقاندنەوەی 400 بۆمبی چێندراو.
*****
رۆژی دەیەم
26-10-2016
لە رۆژی دەیەمی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ، گوندی دێرکە لە سنووری میحوەری ناوەران پێشمەرگە چووە ناویەوە و گوندەکە کۆنتڕۆڵکرایەوە.
*****
پێشبینییەکان سەبارەت بە شەڕی موسڵ
پەیمانگای واشنتن، پێشبینی دەکات شەڕی موسڵ ئاسانتربێت لەوەی چاوەڕواندەکرێت و خێراتر لە پێشبینییەکان کۆنتڕۆڵبکرێتەوە.
بە گوێرەی راپۆرتی پەیمانگاکە، کە مایکڵ نایتس ئامادەی کردووە:
بۆردوومانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان رۆڵی کاریگەر و یەکلاکەرەوەیان دەبێت لە شەڕی موسڵ و داعشیش چەکداری پێویستی نییە بۆ شەڕی موسڵ و پارێزگاری لەو رووبەرە فراوانە، چونکە تەنیا 2000 تاوەکو 3000 چەکداری لەبەردەستە بۆ پارێزگاریکردن لە 12 میل چوارگۆشە.
لەبەرامبەریشدا هێزێکی 54 هەزار کەس لە پێشمەرگە و سوپای عێراق هێرشیان دەکەنەسەر.
نایتس دەڵێت: چەندین سیناریۆی ترسناک لە ئارادان، لەوانە ئاوارەبوونی ملیۆنێک کەس، تاقاندنەوەی 5 پردەکەی موسڵ لەلایەن داعش و خراپیی نێوانی سوپای عێراق و هێزەکانی تورکیا و هەندێک لە هێزە کوردییە و مەترسی پێکدادانیان، هەروەها هەڕەشەی میلیشیای حەشدی شەعبی لەسەر توێژی سوننەی تورکمان، بەڵام زۆربەی دانیشتووانی موسڵ لە ماڵەکانیاندا دەمێننەوە، ئەگەر هانبدرێن لەسەر مانەوەیان لەماڵەکانیاندا لە کاتی شەڕدا، ئەوەش دەرفەتێکی گونجاو دروستدەکات و شەڕەکە ئاسان دەکات.
راپۆرتەکە چارەسەرە خێراکانی دەخاتەڕوو و دەڵێت سوپای عێراق و هێزەکانی ئەمریکا چەند ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت ئەنجامدەدەن و دەستوبرد دەبن لە گۆڕینی ئەو پردانەی داعش دەیانتەقێنێتەوە.
****
شەپۆلی ئاوارەکان
لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵەوە، 5,490 ئاوارەی نوێ روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، كە لە چوارچێوەی 861 خێزاندابوونە.
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند "بەپێی ئەو كەمپانەی كە ئامادەكراون، ئەگەر هەموویان تەواوبن، لە تواناماندا هەیە پێشوازی لە 33 هەزار خێزانی ئاوارەی نوێ بكەین".
ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان پێشبینی هاتنی ئاوارەی زیاتر دەکەن و دەڵێن :لە پێشڕەوییەكانی داهاتووی پێشمەرگە و سوپای عێراق، ئاوارەی زیاتر روو لە هەرێمی كوردستان دەکەن، چونکە "ئەو ئۆپەراسیۆنانەی تاوەكو ئێستا ئەنجامدراون لەو ناوچانە بوون، كە پێشتر خەڵكەكەی ئاوارە بووە، لەبەرئەوە
هاتنی ئاوارەكان كەمبووە، بەڵام ئۆپەراسیۆنەكانی داهاتوو لەو ناوچانەی دەبن، كە خەڵكی زۆری تێدا نیشتەجێیە".
لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە یەك ملیۆن و 800 هەزار ئاوارە و پەنابەر هەن، پێشبینیش دەكرێت بەهۆی شەڕی موسڵەوە زیاتر دەیان هەزار ئاوارەی دیکە روو لە هەرێمی كوردستان بكەن.
****
رۆژی یازدەیەم
27-10-2016
گوندی فازڵییە لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە کۆنترۆڵکرایەوە
****
رۆژی دوازدەیەم
28-10-2016
گوندی دەراویش لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە کۆنترۆڵکرایەوە
****
رۆژی سێزدەیەم
29-10-2016
لەلایەن هێزەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبییەوە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی تەلەعفەر لە رۆژئاوای موسڵ دەستپێکرد.




