رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای ئەردەملى سەر بە پارێزگای مێرسین لە باشووری تورکیا، لە ئەنجامی تەقەکردنی هەڕەمەکیی کەسێک، ژنێکی سووریایی گیانی لەدەستدا، 4 کەسی دیکە برینداربوون و هێرشکەرەکەش هەوڵی خۆکوشتنی دا.
رووداوەکە شەوی پێنجشەممە، 12-11-2026، نزیک کاژێر 08:00ـی ئێوارە، لە قەزای ئەردەملى لە پارێزگای مێرسین روویدا. کەسێک بە چەکەوە چووەتە ناو ئەو رێبوارانەی کە لەسەر شۆستەی شەقامێکی قەرەباڵخی قەزاکە رۆیشتوون و بەبێ ئەوەی ئامانجێکی دیاریکراوی هەبێت، دەستیکردووە بە تەقەکردن.
بەپێی راگەیێندراوێکی پارێزگای مێرسین، کەسێک بە تفەنگی تاپڕەوە چووەتە ناو قەرەباڵخی و دەستی بە تەقەکردن کردووە. لە ئەنجامدا، 5 کەس بەر ئەو دەستڕێژییە کەوتوون. دواتر هێرشکارەکە لوولەی تفەنگەکەی روو کردووەتە سەری خۆی و بە سەختی خۆی بریندار کردووە.
دوای ئاگادارکردنەوە، تیمەکانی پۆلیس و تەندروستی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە.
تیمە پزیشکییەکان رایانگەیاند، ژنێک بە ناوی ئانا بەڕەکات، تەمەن 41 ساڵ کە خەڵکی سووریایە، لە شوێنی رووداوەکەدا گیانی لەدەستداوە.
بەپێی راگەێندراوەکەی پارێزگای مێرسین، هێرشکارەکە و 4 بریندارەکەی دیکە بە ئەمبوڵانس گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە. را گەیێندراوەکەدا هاتووە دۆخی تەندروستیی هێرشکارەکە ناجێگیرە و مەترسی لەسەر ژیانی هەیە. چارەسەری بریندارەکانی دیکەش لە نەخۆشخانە بەردەوامە.
تەرمی ژنە کوژراوەکە دوای پشکنین لە شوێنی رووداوەکە، بۆ پزیشکی دادی مێرسین گواسترایەوە و پۆلیس لێکۆڵینەوەی لەبارەی رووداوەکەوە دەستپێکردووە.


