رووداو دیجیتاڵ
نووسەر و رۆژنامەڤان فەرهاد محەممەد، سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.
کارزان کانەبی، ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری گوڵان، ئەمڕۆ هەینی 13-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاک فەرهاد دوێنێ جەڵتەی دڵ لێیدا، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، نزیک کاژێر 01:30ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا".
فەرهاد محەممەد، نووسەر و رۆژنامەڤان و سەرنووسەری گۆڤاری گوڵان بوو، کارزان کانەبی زیاتر لە 20 ساڵە هاوکارییەتی و دەڵێ: "کاک فەرهاد زۆر نیشتمانپەروەر و دڵسۆز بوو بۆ کارەکەی، ئێمەشی لە گوڵان کردبوو بە یەک خێزان".
یەکێتیی نووسەرانی کورد بۆ کۆچی دواییی فەرهاد محەممەد راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و سەرەخۆشی لە ماڵبات و هاوڕێکانی دەکات.
کارزان کانەبی دەڵێت: "کاک فەرهاد رۆڵێکی بەرچاو و لەبیرنەکراوی هەبوو لە بواری رۆژنامەگەری و خزمەتکردن بە کوردستان و دۆزی رەوای گەلەکەمان؛ ئێمە هەرگیز لە یادی ناکەین".
ئەمڕۆ تەرمی فەرهاد محەممەد بە خاک سپێردرا و بڕیارە هەر ئەمڕۆ لە مزگەوتی جەلیل خەیات لە هەولێر رێوڕەسمی پرسەی بەڕێوە بچێت.

