رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەى رایگەیاند، دەیتوانی دەستبەجێ کۆتایی بە جەنگی ئێران بهێنێت، بەڵام لەسەر داوای سعودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداو بڕیاریداوە دۆخەکە بەم شێوەیەی ئێستا بهێڵێتەوە چونکە "ئێران خەریکە هەڵدەوەشێتەوە"، هاوکات هەڕەشەی کرد کە ئەگەر بیەوێت دەتوانێت تەنیا لە ماوەی سێ رۆژدا تەواوی کەرتی وزە، پرد و پیشەسازیی ئەو وڵاتە لەنێو ببات.
دۆناڵد ترەمپ، لەبارەی هۆکاری بەردەوامبوون و شێوازی بەڕێوەبردنی جەنگەکەوە گوتی: "دەمتوانی دەستبەجێ کۆتایی پێبهێنم، بەڵام لەسەر داوای ئەو وڵاتانەى هەوڵی پاراستنیان دەدەم، بە رێگەیەکی کەمێک درێژتر و شارستانییانەتر دەیکەین."
سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی هەریەکە لە سعودیە، قەتەر، کوێت، ئیمارات و بەحرێن داوایان لێکردووە دانبەخۆیدا بگرێت و چاوەڕوانییان پێ باشترە. ترەمپ لە زاری بەرپرسانی سعودییەوە گوتی: "داوایان لێکردووم تەنیا بۆ ماوەیەک وەک ئێستا بیهێڵمەوە چونکە ئێران خەریکە هەڵدەوەشێتەوە."
هەرچەندە ترەمپ دانی بەوەدا نا کە دڵنیا نییە لەگەڵ ئەو داواکارییە هاوڕا بێت، بەڵام گوتیشی بەهۆی ئەوەی ئەو وڵاتانە و ئیسرائیل هاوپەیمانی ئەمریکان و ترلیۆنان دۆلار لە وڵاتەکەیدا وەبەرهێنان دەکەن، بەو شێوازەی ئەوان پێیان باشترە مامەڵە دەکات.
هەڕەشەی سێ رۆژە و بۆردوومانکردنی چیای قوڵنگ
سەبارەت بە ئاستی زیانەکان و توانای سەربازیی ئەمریکا، ترەمپ رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هێرشیان نەکردووەتە سەر کەرتی وزەی ئێران و زۆربەی پرد و ژێرخانی کارەبا و پیشەسازییان هێشتووەتەوە، تەنیا پردێکی گەورە نەبێت کە بەهۆی "رەفتاری خراپیانەوە" لەناویان بردووە. بەڵام هۆشدارییەکی تووندی دا و گوتی: "ئەگەر بمەوێت لەناویان ببەم، لە یەک رۆژدا لێیان دەدەم و وزەکەیان نامێنێت، لە یەک رۆژدا پردەکانیان نامێنن و لە یەک رۆژدا توانای پیشەسازییان نامێنێت؛ تەنیا سێ رۆژم پێدەچێت، یەک رۆژ بۆ هەریەکێکیان."
هەروەها ئاماژەی بە چیای قوڵنگ، پێگە ئەتۆمییە نهێنییەکەی ئێران کرد و گوتی: "پێگەیەکمان هەیە پێی دەوترێت چیای قوڵنگ، رەنگە لێی بدەم یان لێی نەدەم؛ لەوێ زۆر چالاک نەبوون، بەڵام ئەگەر چالاک بن، ئەویشیان بۆردوومان دەکەین."
سەرۆکی ئەمریکا دانی بەوەدا نا کە جەنگەکە و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە رووی سیاسییەوە و لە هەڵبژاردنی نیوەى خولدا زیانی پێگەیاندوون، بەڵام گوتیشی کە بژاردەیەکی دیکەی نەبووە بۆ ئەوەی رێگری لە "سپۆنسەری ژمارە یەکی تیرۆر لە جیهاندا" بکات لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
ترەمپ سەرکردەکانی ئێرانی بە "کەسانێکی زۆر دڕندە و تووندوتیژ" وەسفکرد و تۆمەتباری کردن بەوەی لە دوایین خۆپێشانداندا زیاتر لە 75 هەزار خۆپێشاندەریان کوشتووە و هێرشیان کردووەتە سەر پێنج وڵات کە تەنانەت دووژمنیشیان نەبوون.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026، وڵاتانی کەنداو (بەتایبەت سعودیە، قەتەر و ئیمارات) بەهۆی نزیکیی جوگرافییانەوە بوونەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی، هاوکات هاتووچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە کەنداو و تەنگەى هورمز رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووەتەوە.
چیای قوڵنگ بەرزاییەکی ستراتیژییە و دەکەوێتە دووریی دوو کیلۆمەتر لە باشووری دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز لە ئێران. دوای تەقینەوەکەی تەممووزی 2020 لە ناوەندی دروستکردنی سەنتەرفیوژەکان لە نەتەنز و هێرشەکانی دواتری حوزەیرانی 2025 و ئاداری 2026ـی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکە، ئێران کارکردنی لە پڕۆژە ئەتۆمییە قووڵەکەی ژێر چیای قوڵنگ چڕتر کردەوە، کە بەهۆی قووڵاییە زۆرەکەیەوە زۆر لە نەتەنز پارێزراوترە و تەنانەت بۆمبە حەشارشکێنەکانی ئەمریکاش بە ئاسانی ناتوانن بیپێکن.



