رووداو دیجیتاڵ
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا کە خۆی بۆ سەرۆکایەتیی جەهەپە بەربژێر کردووە، رەخنە لە سەرۆک و گوتەبێژی پارتەکەی دەگرێت بەهۆی پاڵپشتینەکردنیان لە سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری جەهەپەی ئامەد، ئوزەل داوا دەکات، "نادادپەوەری" بەرامبەر سەزگین تانریکوڵو رابگرن.
سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری جەهەپەی ئامەد رۆژی 8ـی ئەیلوولی 2023 لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا کە بە تەلەفۆن بەشداریی کردبوو، گوتبووی "سوپای تورکیا لەلایەن دادگەی مافی مرۆڤی ئەوروپاوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی 15 هاووڵاتی لە پارێزگای ئامەد لە هێلیکۆپتەر فڕێداوە و گوندەکانی سووتاندوون و بۆردوومانی کردوون".
ئۆزگور ئۆزەل، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا شەوی چوارشەممە 27ـی ئەیلوولی 2023 لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی: "من شوێنی عومەر چەلیک نەدەکەوتم و هەر لە یەکەم خولەکەوە بە ڤیدیۆیەکی 32 چرکەیی گوشارم نەدەخستە سەر پەرلەمانتارەکەی خۆم. من ئەوەی لە ساڵی 1980دا روویدا، وەک ئەوەی ئەمڕۆ روویدابێت بەلاڕێدا نابەم. ئەگەر ئەمڕۆ هەڵەیەک بەرامبەر بە هێزە چەکدارەکانی تورکیا دەکرێت، ئەرکی من وەک سەرۆک وەستانەوەیە بەرامبەر ئەو هەڵەیە و قەرەبووکردنەوەیەتی".
لە وەڵامی پرسیاری "ئەگەر لە هەڵبژاردنەکەدا سەربکەویت، بەرامبەر بە کەسانی وەک سەزگین تانریکوڵو کە لێدوانی لەو شێوەیە دەدەن، هەڵوێستت چی دەبێت؟" ئۆزەل گوتی: "با ئەم نادادپەروەرییە بەرامبەر سەزگین تانریکوڵو نەکەین. لە چەند رۆژی رابردوودا گوتەبێژی پارتەکەمان لەو خاڵەدا نادادپەروەریی کرد. سەزگین تانریکوڵو پەیوەندی بە بەرنامەیەکی راستەوخۆ کرد و بۆ ماوەی 5-6-7 خولەک قسەی کرد. عومەر چەلیک گوتەبێژی ئاکپارتی هێرشی کردە سەر سەزگین تانریکوڵو، بەداخەوە گوتەبێژی پارتەکەشمان هەڵوێستێکی هاوشێوەی نیشاندا. من دژی ئەمە وەستامەوە".
داواکاری گشیتی ئەنقەرە رۆژی شەممە 9ـی ئەیلوول بەتۆمەتی سووکایەتیکردن بە گەلی تورکیا، دەوڵەتی کۆماری تورکیا و دامەزراوەکانی دەوڵەت و هاندانی رق و دوژمنایەتی، دەستی بە لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەزگین تانریکوڵو کرد.
فایق ئۆزتراک، گوتەبێژی جەهەپە هەمان رۆژ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیالمیدیا رایگەیاند، "لێدوانەکانی سەزگین تانریکوڵو پەرلەمانتاری دیاربەکر سەبارەت بە هێزە چەکدارەکانی تورکیا کە رووناکی چاوی میللەتەکەمانن، جێگەی قبوڵکردن نییە."
وەزارەتی بەرگریی تورکیاش تانرکۆڵوی بە هەڵبەستنی تۆمەت تۆمەتبار کرد.
کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە رۆژی یەکشەممە 10ـی ئەیلوول لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا لەسەر ئەو بابەتە گوتی، "گوتەبێژی پارتەکەمان لەسەر ئەو بابەتە لێدوانی داوە. هێزە چەکدارەکانی تورکیا نووری چاومانن".
سەزگین تانریکولو هەمان رۆژ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیالمیدیا رایگەیاند: "من هەرگیز لە کاتی بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ هەنگاوم بۆ دواوە نەناوە و ناینێم".
یوکسەل تاشکن، پەرلەمانتاری جەهەپە لە بازنەی ئیزمیر رۆژی دووشەممە 11ـی ئەیلوولی 2023 پاڵپشتی خۆی بۆ سەرگین تانریکوڵو راگەیاند و لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیالمیدیا نووسی: "سەزگین تانریکوڵو بەبێ ئەوەی سووکایەتی بە کەس بکات رەخنەی گرتووە. ئەو کولتوورە ناپاکەی گوشار کە تانریکوڵوی کردووەتە ئامانج، بەرهەمی داردەستەکانی دەسەڵاتە".
لەلایەکی دیکەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی دووشەممە لە کاتی گەڕانەوەی لە لووتکەی سەرکردەکانی جی 20 لە هیندستان، لەنێو فڕۆکە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و سەبارەت بە گوتەکانی سەزگین تانریکوڵو و گوتی: "ئەم سووکایەتی و بوختانە نامەردانانە، بێ سزا نابن".
هەمان رۆژ، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند: "پرۆسەی لێکۆڵینەوەی پێویست لەبارەی سەزگین تانریکوڵو دەستیپێکردووە، ناکرێ ئەم گوتانەی قبووڵ بکرێت. بۆ کەس ناگونجێت رەخنە لە سەربازەکانمان و سوپاکەمان بگرێت. حیزبەکەی دەبێ ئەوەی پێویستە بیڵێت. لەبارەی لێکۆڵینەوەکە سکاڵانامە رەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ