ئەندامێکی لیژنەی دارایی: پرۆژەیاسای بودجە بەبێ کورد تێناپەڕێت

28-03-2021
گۆڤەند مستەفا
کۆبوونەوەیەکی پێشووی پەرلەمانی عێراق
کۆبوونەوەیەکی پێشووی پەرلەمانی عێراق
نیشانەکردن بودجەی 2021
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2021 کۆدەبێتەوە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، تاوەکو ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە بەرنامەی کاری دانیشتنەکە نەکراوە و بڕیار وایە دانیشتنەکە بکرێت، ئەندامێکی لیژنەی داراییش پێشبینی دەکات کە ئەمڕۆ بەهۆی ئەو کەموکوڕیانەی لەنێو پرۆژەیاساکەدا هەن دەنگ لەسەر پرۆژەیاساکە نەدرێت.
 
شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی کەشی نێو پەرلەمان و کوتلە سیاسییەکان و ئەو تێبینی و رەخنە و پێشنیازانەی تاوەکو ئێستا لەسەر پرۆژەیاساکە هەیە، بەو پێیەی ئەمڕۆ لەوانەیە سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان جارێکی دیکە دابنیشێت، بە پێشبینی کەسی خۆم پێموانییە ئەمڕۆ پرۆژەیاساکە ببێت بە یاسا، بەڵکو هەندێک جوڵەی سیاسی هەیە بۆ رازیکردنی کوتلە سیاسییەکان بۆ تەواوکردنی ئەو کەموکورتییانەی کە هەیە، لەوانەیە لە یەک دوو رۆژی داهاتوو پرۆژەیاساکە بخرێتە دەنگدانەوە".
 
سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان، شێروان میرزا دەڵێت، دوێنی لە کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی ئەو بابەتە کۆتاییهات، بەو پێیەی لە دوای کۆبوونەوەی لیژنەی دارایی لەگەڵ وەزیرەکانی حکومەت، دوایی لیژنەی دارایی بە تەنیا لە کۆبوونەوە بەردەوام بوو تاوەکو درەنگانی شەو، بابەتی ماددەی 11 پشکی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە هاتەوە بەرباس.
 
بەپێی گوتەکانی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، ئەوان پێداگرییان کردووە لەسەر ئەوە رێککەوتنەی لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان و لایەنی شیعە کراوە و رێککەوتنەکە دراوە بە لایەنی سوننەش هەموو لایەک پێی رازی بوون، هەر دەستکاریکردنێک بە مانای هەڵوەشانەوەی ئەو رێککەوتنە دێت، بۆیە ئەوان توانیویانە لەسەر ئەو دەقەی کە رێککەوتنی لەسەر کراوە، لەو چوارچێوەیەدا ماددەکە دابڕێژنەوە.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا شێروان میرزا ئاماژەی بەوە دا، بوونی شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە گرنگە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە،"ئەو ماددەیەی تایبەتە بە پشکی هەرێمی کوردستان دواجار دەچێتە ناو پەرلەمان و کوتلە سیاسییەکان دەنگی لەسەر دەدەن، بۆ دروستکردنی لۆبییەکی بەهێز و قسەکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و رازیکردنیان و دەستەبەرکردنی پاڵپشتییەکی تەواو بۆ ئەو ماددەیە لەناو پەرلەماندا گرنگە شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بێت.
 
بە بڕوای شێروان میرزا تاوەکو ئەو کاتەی پرۆژەیاسای بودجە دەنگی لەسەر دەدرێت و دەبێت بە یاسا "هەموو ئەگەرێک چاوەڕوانکراوە، بەڵام پێشبینی زاڵ لای ئێمە ئەوەیە رێککەوتنەکە تەواو بووە و پرۆژەیاساکە بەبێ کورد تێناپەڕێندرێت، کەشی سیاسی نێو پەرلەمانیش بەو شێوەیەیە کە نایانەوێت بودجە بە بایکۆتکردنی لایەنێک تێپەڕێندرێت".
 
د.بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە بەرنامەی کاری دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق نەکراوە، بڕیار وایە دانیشتنە بکرێت".
 
د.بەشیر حەداد، دەڵێ: "چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ لیژنەی دارایی دوا کۆبوونەوەی خۆی بکات، دوای ئەوەی دوێنێ لەگەڵ شاندی حکومەت کۆبوونەوەو رای حکومەتیان وەرگرت بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی دەنگ لەسەر ئەو خاڵانە بدرێت کە زیادکراون. وا چاوەڕوانیش دەکرێت پێش کۆبوونەوەی ئەمڕۆ، کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان بکرێت بۆ ئەوەی بزانین تا چەند ئامادەن دانیشتنی ئەمڕۆ بکرێت. ئومێد هەیە ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە ئەنجام بدەین".
 
سەبارەت بەو دەستکاریەی کە لە ماددەی 11 تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان کراوە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: "ئێمە وەکو سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ ئەوە دەقەین کە لەنێو لیژنەی دارایی دەنگی لەسەر دراوە لە ئەنجامی رێککەوتنی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، بەڵام ئەو لایەنانەی کە هەندێک شتیان لەسەر رێککەوتنەکەی هەرێم زیادکردووە و پێشکەشی لیژنەی داراییان کردووە، دەبێت ئەمڕۆ شاندی هەرێم ئەو بابەتە لەگەڵ ئەو لایەنانە یەکلا بکاتەوە".
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە