رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری کەربەلا رووداوێکی هاتووچۆ روویدا، بەرگری شارستانیی عێراق دەڵێ کەسێک گیانی لەدەستداوە و هەشت کەسی دیکەیان رزگارکردوە.
نوئاس سەباح شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە ( 4ی تشرینی دووەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە پارێزگای کەربەلا، هەشت کەسیان رزگارکردوە کە زۆربەیان منداڵان و تەرمی شۆفێرەکەشیان دەرهێناوە کە گیریان خواردبوو، دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ رووداوێکی هاتووچۆ لە بەرامبەر زانکۆی کەربەلا روویدا.
بە گوتەی بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق، لەنێو رزگارکراوەکاندا دوو کچە منداڵ هەن، هۆکاری رووداوەکەش بۆ لێخوڕینی بەپەلە و خێرایی زۆر و بێئاگایی دەگەڕێتەوە کە ئۆتۆمبێڵی جۆری مارسیدیس بووە ، شوفێرەکەی کۆنترۆڵی لەدەستداوە و خۆی بە شۆستەی شەقامەکەدا کێشاوە.
نوئاس سەباح شاکر، ئاماژە بەوەش کرد کە تیمەکانی فریاکەوتن و رزگارکردن دەستبەجێ دوای گەیشتنی هەواڵەکە چوونەتە شوێنی مەبەست و توانیویانە برینداران و تەرمی شۆفێرەکە بۆ نەخۆشخانە بگوازنەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست و تەواوکردنی رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان و مردووەتە گەیێندراوەتە دادپزیشکی شارەکە.
بەگوێرەی دەستەی ئاماری عێراق،پار 11948 رووداوی هاتووچۆ لە 15 پارێزگای عێراق تۆمار کراون، کە بەهۆیانەوە 2351 کەس گیانیان لە دەستداوە و 11564 کەسیش بریندار بوونە.
