رووداو دیجیتاڵ
لە نەخۆشخانەی منداڵبوون و فریاکەوتنی گەرمە لە پارێزگای ئەنبار، رووداوێکی دەگمەنی لەدایکبوونی تۆمار کراوە، ژنێکی تەمەن 64 ساڵ بە شێوەیەکی سرووشتی کچێکی بووە.
محەممەد عادل قەیسی، گوتەبێژی تەندروستیی ئەنبار، ئەمڕۆ سێشەممە ( 3 تشرینی دووەمی 2026) بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، زانیارییەکانی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد: "لە هۆڵی منداڵبوونی نەخۆشخانەی گەرمە، ژنێکی تەمەن 64 ساڵ منداڵێکی کچی بە شێوەیەکی سرووشتی بووە؛ ئەمەش بەهۆی تەمەنی زۆری دایکەکەوە بە رووداوێکی زۆر دەگمەن و نائاسایی لە رووی پزیشکییەوە دادەنرێت."
قەیسی روونیکردەوە کە پرۆسەی منداڵبوونەکە لەژێر چاودێریی راستەوخۆی ستافی پسپۆڕی پزیشکی، تەندروستی و پەرستاریی نەخۆشخانەکە بەڕێوەچووە، کە لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکەیان کردووە و تەواوی چاودێرییە پێویستەکانیان پێشکەش کردووە بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتیی گیانی دایکەکە و کۆرپەکەی.
بەپێی بەدواداچوونی پزیشکی، دایکەکە و کۆرپەکە لە دۆخێکی تەندروستیی زۆر باشدان و لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدا لە نەخۆشخانەکە ماونەتەوە.

