رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی عێراق دەڵێ، بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و رەچاوکردنی لایەنی مرۆیی، 680 تەلەفۆنییان لە زیندانی ناوەندیی ناسریە دابین کردووە تاوەکو زیندانییان بتوانن بە ئاسانی پەیوەندی بە کەسوکاریانەوە بکەن.
موراد ساعدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی2026، بە رووداوی رایگەیاند: "ئەم هەنگاوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی گەیاندن و کۆمپانیای گشتیی پەیوەندییەکان لە پارێزگای زیقار ئەنجامدراوە، 450 تەلەفۆن بۆ زیندانەکە زیادکراون و بەوەش کۆی گشتیی تەلەفۆنەکان گەیشتووەتە 680 دانە".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق راشیگەیاند: "ئامانجی سەرەکی لەم پڕۆژەیە بەهێزکردنی پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانی زیندانییانە، تاوەکو بتوانن بە شێوەیەکی رێکخراو و بەردەوام هەواڵی خێزانەکانیان بزانن، نەک تەنیا لە ناسریە بەڵکو لە هەموو زیندانەکانی دیکەی عێراقیش دانراون تەنانەت زیندانی سوسێ ش، ئەم رێکارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی فەرمانگەی چاکسازیی عێراقە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی زیندانەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان بە جۆرێک کە لەگەڵ مافەکانی مرۆڤدا بگونجێت".
موراد ساعدی گوتی: "زیندانییەکان لە رێگەی کارتەوە هاوشێوەی کارتی پرکردنەوەی باڵانس، دەتوانن کارت بکڕن و پەیوەندی بکەن بە ئارەزووی خۆیان".
تەلەفۆنەکان، هاوشێوەی ئامێری نۆرماڵی کۆن بە دیواری بەندینخانەکەوە لە شوێنێکی تایبەت جێگیرکراون.
بە گوێرەی وەزارەتی گەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، نرخی کارتی پەیوەندیکردنی زەوینی نێو زیندانەکانی بەم شێوەیە دیاریکردووە:
کارتی 3 هەزاری، بە 3 هەزار دینار.
کارتی 5 هەزاری، بە 5 هەزار دینار.
کارتی 10 هەزاری، بە 10 هەزار دینار.
لە چەند رۆژی داهاتوودا کارتی 25 هەزاری و 50 هەزاری بەردەست دەبن.
زیندانی ناوەندیی ناسریە، بە (زیندانی حووت) ناسراوە، یەکێکە لە گەورەترین زیندانەکانی عێراق و زۆربەی ئەو تۆمەتبارانەی بە دۆسیەی تیرۆر سزادراون لەوێ دەستبەسەرن.
عێراقییەکان پێیانوایە هەر کەسێک لەو زیندانە دەستبەسەر بکرێت، هەرگیز بە زیندوویی دەرناچێت.

