رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی نێوان میسان و بەسرە، 17 کەس گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.
رۆژی شەممە، 26-11-2022، هەیمەن حەسەن خەماس، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی هاتووچۆی میسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی دوێنێ ئۆتۆمبێلێکی جۆری هۆندای ستارکێس لە رێڕەوی خۆی لایداوە و بەهۆی ئەوەی شوفێرەکەی کۆنترۆڵی لەدەستداوە چووەتە ئەوبەری شەقامەکە و خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگردا.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی هاتووچۆی میسان گوتی، لەو رووداوەدا 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و 8ی دیکە برینداربوون و ئاماژەی بەوەشکرد، رووداوەکە لە رێگەی نێوان میسان و بەسرە لە نزیک قەزای قەلعە ساڵح روویداوە.
رۆژی 7-9-2022، دەزگای ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی ساڵی 2021ی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوەکرابوو کە لە ساڵی 2021دا 10 هەزار و 659 رووداوی هاتووچۆ لە عێراق تۆمارکراون، جگە لە هەرێمی کوردستان.
لە ساڵی 2020دا بەهۆی کەرەنتین و قەدەخەی هاتووچۆوە رووداوەکانی هاتووچۆ کەمتر بوون، لەو ساڵەدا 8 هەزار و 186 رووداوی هاتووچۆ تۆمارکراون، بەو شێوەیەش بەراورد بە ساڵی 2020 لە ساڵی 2021 رووداوەکانی هاتووچۆ 30.2٪ زیادیان کردووە .
ساڵی رابردوو، بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە 2 هەزار و 828 کەس گیانیان لە دەستداوە، ئەوە لە کاتێكدایە لە ساڵی 2020دا نزیکەی 2 هەزار و 152 کەس گیانیان لەدەستدابوو.
هەر بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە لە ساڵی 2021دا 11 هەزار و 230 بریندار تۆمارکراون، ئەوە لە کاتێکدایە لە ساڵی 2020دا 8 هەزار و 383 بریندارببوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ