رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێ، ئەرکیان لە دەروازە سنوورییەکان و بازگەکان بۆ پاراستنی ئابووری و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییە.
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، رۆژی شەممە، 27ـی حوزەیرانی 2026، بە رووداوی راگەیاند، "دەستپێکردنی ئەرکەکانی دەزگاکەمان لە دەروازە سنوورییەکان لە چوارچێوەی رێنمایی دەوڵەتدایە بۆ بەهێزکردنی چاودێری و پاراستنی ئابووریی نیشتمانی، ئەویش لە رێگەی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی، یاریکردن بە باجە گومرگییەکان و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی."
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دڵنیایی دەداتە بازرگانان و دەڵێ، "ئامانج لە رێکارەکان بریتییە لە پاراستنی ژینگەی کاری بازرگانیی یاسایی و ئاسانکاریی هاتووچۆی کاڵا یاساییەکان. هەر کەسێکیش بیەوێ دەروازەکان بۆ زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی یان سەرپێچیکردنی یاسا بەکاربهێنێت، بێ چاوپۆشی رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر."
ئەرشەد حاکم داوا لە هاووڵاتییان و شۆفێران دەکات، لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی هەر گێچەڵێک یان داواکردنی بەرتیل و سەرانە لە بازگەکان، راستەوخۆ پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکان و پلاتفۆرمە فەرمییەکانیانەوە بکەن و دەڵێ، "هەموو سکاڵایەک بە نهێنییەکی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت."
رۆژی 24ـی حوزەیرانی 2026، دەستەی دەستپاکیی عێراق، دەستگیرکردنی شەش فەرمانبەری لە خاڵی گومرگیی (چیمەن) لە پارێزگای کەرکووک لە کاتی وەرگرتنی بەرتیل لە راییکارێکی گومرگی راگەیاند.
حکومەتی عێراق لە چەندین شوێن بازگەی داناوە، لەوانە (چیمەن) لەنێوان کەرکووک و چەمچەماڵ، (دارەمان) لە نێوان هەولێر و کەرکووک و بازگەی (سەد) لە نێوان دهۆک و موسڵ.



