رووداو دیجیتاڵ
دوو شوان لەکاتی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان لە ناوچەی جەزیرەی بەعاج لە نەینەوا، مین پێیاندا تەقییەوە و گیانیان لەدەستدا.
رۆژی هەینی، 26ی حوزەیرانی 2026، محەممەد کاکەیی، سەرۆکى لیژنەى ئەمنیی ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ناوچەی (جەزیرەی بەعاج) دوو شوان کە خەریکی لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵاتیان بوون، مینێک پێیاندا تەقییەوە و لە ئەنجامدا هەردووکیان دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا."
بە گوتەی محەممەد کاکەیی، دوو شوانەکە لەکاتی پشوودانیان کە پێکەوە بوون، مینەکە پێیاندا تەقیوەتەوە.
سەرۆکى لیژنەى ئەمنیی پارێزگاى نەینەوا دەڵێت، دوورنییە مینەکە تازە چێندرابێت، "چونکە جموجووڵی چەکدارانی داعش لەو ناوچەیە هەیە و لەماوەی رابردووشدا چەند چەکدارێک لەو ناوچەیە بەدەستی هێزە ئەمنییەکان کوژران."
محەممەد کاکەیی گوتی: "دوای تەواوبوونی رێکارەکان لە دادپزیشکی، تەرمی دوو شوانەکە رادەستی کەسوکاریان کرایەوە."
بەگوێرەی ئامارەکانی فەرمانگەی کاروباری مینی عێراق، لە ساڵی 2003ەوە زیاتر لە 30 هەزار کەس بەهۆی تەقەمەنی و پاشماوەکانی دیکەی جەنگەوە گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.



