رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای نەجەف روونکردنەوە لەبارەی داخستنی چێشتخانە و کافتریاکان دەدات و دەڵێت، بڕیارەکە گشتگیر نییە و تەنیا ئەو شوێنانە دەگرێتەوە دەکەونە نێو گەڕەکەکان، ئەوەش وەک پشتگیرییەک بۆ قوتابیانی پۆلی 12 لە وەرزی تاقیکردنەوەکاندا.
رۆژی هەینی 26ـی حوزەیرانی 2026، فەرماندەیی پۆلیسی نەجەف ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە باس لە داخستنی گشت چێشتخانە و کافتریاکان دەکەن لە دوای کاژێر 12ی شەو، رایگەیاند: "رێکارەکان تەنیا تایبەتن بەو کافتریایانەی دەکەونە نێو ناوچە نیشتەجێبوونەکان."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی پۆلیسی نەجەف، ئاگادارکردنەوەی خاوەن کافتریای نێو گەڕەکەکان بۆ داخستنی شوێنەکانیان لە کاژێر 12ی شەودا، لەسەر داوای دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە بووە. ئامانج لێی رەخساندنی کەشێکی ئارام و بێدەنگە بۆ قوتابیانی پۆلی شەشەمی ئامادەیی (پۆلی 12) تاوەکو بتوانن بەبێ دەنگەدەنگ بۆ تاقیکردنەوەکانیان بخوێنن.
پۆلیسی نەجەف ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای تەواوبوونی وەرزی تاقیکردنەوەکان، پارێزگای نەجەف و ئەنجوومەنی پارێزگا رێنمایی و میکانیزمی نوێ بۆ شێوازی کارکردنی ئەو کافتریانە رادەگەیێنن کە دەکەونە نێو ناوچە نیشتەجێبوونەکانەوە.
تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 بۆ خولی یەکەم، لە رۆژی 4ی تەمموزی 2026 تەواو دەبێت و تاوەکو ئەو کاتە کافتریای نێو گەڕەکەکانی نەجەف بە داخراوی دەمێننەوە.



