سوننەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان رێکنەکەوتوون

26-05-2024
ئەنمار غازی
نیو ساڵ بەسەر چۆڵبوونی کورسیی سەرۆکی پەرلەمان دەرباز بووە
نیو ساڵ بەسەر چۆڵبوونی کورسیی سەرۆکی پەرلەمان دەرباز بووە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ناکۆکیی سیاسی لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق لە هەڵکشانی بەردەوامدایە. دوای ئەوەی پەرلەمان لە دوو گەڕی دەنگداندا نەیتوانی سەرۆکێک هەڵبژێرێت و لە دانیشتنێکدا ئاڵۆزی و دەستوەشاندن دروستبوو.
 
پارتی تەقەدووم، هێشتا سوورە لەسەر ئەوەی هەر خۆی خاوەن زۆرینەی سوننەیە و پۆستەکە مافی ئەوانە، بۆ ئەوەش داوای هەموارکردنی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان دەکات تاوەکو بەربژێرێکی نوێ پێشكێش بکرێت و ئەم گرێکوێرەیە بکرێتەوە.
 
عەبدولکەریم عەبتان، پەرلەمانتاری پارتی تەقەدووم دەڵێ "لەسەر برایان و هاوبەشانی کاری سیاسیمان، کە ئێستا هۆشیاری لای زۆر فراکسیۆنی سیاسی دروستبووە و لە مەترسیی زەوتکردنی مافی تەقەدووم تێدەگەن، پێویستە بە ئاراستەی هەموارکردنی مادەی 12ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان هەنگاوبنێن بۆ ئەوەی بتوانین هەندێ کەسی دیکە بەربژێر بکەین، کە فراکسیۆنەکان بەلایانەوە پەسەندن تاوەکو بچنە سەر سەکۆ و سەرکردایەتیی فەرمانڕەوایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران."
 
بەڵام لایەنە شيعەکان و بەشێکی سوننەکان بەدەم داواکارییەکانی تەقەدوومەوە ناچن؛ ئامادەنین ئەو مادەیە هەمواربکەن کە رێگە بە بەربژێرکردنی ناوی نوێ دەدات. بەوەش چەکوشەکە لە دەستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەماندا دەمێنێتەوە تاوەکو ناکۆکییەکە کۆتاییدێت.
 
موعین کازمی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی بەدر، کە فراکسیۆنێکی شیعەیە، دەڵێ "هیچ بەدەمەوەهاتنێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و فراکسیۆنە سیاسییەکانەوە بۆ گۆڕینی مادەی 12 بەدیناکرێت، بەڵکو پێیانوایە دەبێت ئەم پەیڕەوە جێگیر بێت، چونکە دادگەی فیدراڵی لەم دۆخە و لەم جۆرە قەیرانانەدا، هانی گۆڕانکاریی لەم شێوەیە نادات."
 
هاوکات لێدوانەکان ئاماژە بە هەبوونی جموجوڵێکی سیاسی دەدەن، کە ئامانجی ئەوەیە هێزە سوننییەکان بە سازان بەربژێرێک بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران لە رۆژانی داهاتوودا پێشكێش بکەن.
 
نیو ساڵ بەسەر چۆڵبوونی کورسیی سەرۆکی پەرلەمان دەرباز بووە. جێگری یەکەمیشی تۆمەتبار دەکرێت بەوەی بەمەبەست، دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ دوادەخات و، مافی پێکهاتەی سوننی لەنێو دەزگای یاساداناندا، بەفیڕۆدەدات.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە