سەرۆکى لیژنەى دارایی: جێگیرکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان مانگێک دەخایەنێت

26-02-2024
هەستیار قادر
عەتوانى عەتوانى، سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق
عەتوانى عەتوانى، سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق
نیشانەکردن مووچە عەتوان عەتوانی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، گواستنەوەی مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بۆ سەر بەغدا مانگێک دەخایەنێت؛ مووچەکانیان دەخرێتە سەر هەژمارى بانکى لە بانکە حکومییەکان و دەتوانن لە رێگەى ماستەرکاردەوە  وەری بگرن.
 
عەتوانى عەتوانى، سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بە ئەنجامى "باشەوە" لە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیرى دارایی دەرچوون. هەروەها گوتی "ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى بڕیارى دادگەى فیدراڵى بە شێوەیەک دەبێت، کە مووچەى مانگى شوبات لەسەر بنەماى لیستى مووچەخۆرانەوە دەدرێت، کە لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە دەنێردرێت، لەسەر ئەو بنەمایەش خەرج دەکرێت لە دواى ئەوەى رەزامەندیى دادگەى فیدراڵى وەردەگیرێت."
 
عەتوان عەتوانى لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، ئەمڕۆ 26ـی شوباتى 2024 گوتى: "بۆ مانگەکانى داهاتوو، دەبێت مووچەى فەرمانبەران، خانەنشینیان و چاودێریی کۆمەڵایەتى بەجێبکرێت و بە گوێرەى ئەو بەجێکردنە، سەرجەم شایستەى دارایی مووچەخۆران خەرج دەکرێت کە نابێت 12.67%ـی بودجەى تەرخانکراو تێپەڕێت." 
 
ئەمڕۆ، تەیف سامى، وەزیرى دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنى پرسی بودجە و چۆنیێتى خەرجکردنى.
 
سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق دەڵێ، دەبێت سەرجەم دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان هەمان هەنگاوى حکومەتى فیدراڵى بنێن لە گواستنەوەی مووچە؛ ئەگەر هەیە هەندێک دامەزراوە بەشێوەیەکى راستەوخۆ کار لەسەر گواستنەوەی مووچە بکەن، پارەدارکردنەکەش لەسەر بنەماى ئەو گواستنەوەیە دەبێت لە رێگەى بانکەکانەوە.
 
بەگوێرەى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق کە لە 22ـی شوبات دەریکرد بۆ ناردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان؛  دەبێت لە رێگەى بانکە باوەڕپێکراوەکانەوە  هەژماریان بۆ بکرێتەوە، لەو رێگەیەشەوە وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى مووچەکانیان بۆ خەرج دەکات.
 
عەتوان عەتوانى رایگەیاند: "دەبێت سەرجەم فەرمانگەکان دەست بە گواستنەوەی مووچە بکەن؛ هەتاوەکو پارەى فەرمانبەرەکانیان لە رێگەى بانکەکانەوە بدرێت، هەژمارى بانکییان بۆ بکرێتەوە، ئەو پرۆسەیە ماوەى مانگێکى دەوێت پارەى مووچە لە بانکە حکومییەکان دادەنرێت و فەرمانبەران بە ماستەر کارد لە رێگەى دەروازەکانی راکێشانی پارەوە، مووچەیان بەدەست دەگات."
 
لە ئەم ساڵدا حکومەتى فیدراڵى یەکجار گوژمەیەکى 618 ملیار دینارى وەک پشکى هەرێمى کوردستان ناردووە، لەکاتێکدا بڕى پارەى پێویست بۆ مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 900 ملیار دینارە.
 
 
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تیمەکانی سەرژمێری لە سنووری هەولێر؛ وێنە: رووداو

پلاندانانی عێراق بۆ رووداو: لە دوو رۆژدا ئەنجامی بەرایی سەرژمێری رادەگەیێنرێت

وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان بە باشی بەڕێودەچێت و 65٪ بۆ 70٪ی پرۆسەکە تەواوبووە. "لە دوو رۆژدا ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی رادەگەیێنرێت." بەپێی گوتەی گوتەبێژی وەزارەتەکە.