بەرپرسانی باڵای عێراق و وەزیری دەرەوەی تورکیا دۆخی سووریا تاوتوێ دەکەن

26-01-2025
دیار سلێمان
وێنەیەکی ئەرشیفی فواد حوسێن، وەزیری دەرەروەی عێراق و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەغدا.
وێنەیەکی ئەرشیفی فواد حوسێن، وەزیری دەرەروەی عێراق و هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەغدا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ دەگاتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کۆدەبێتەوە. 
 
میدیای فەرمیی تورکیا لەبارەی سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ بەغدا بڵاویکردەوە، بڕیارە لە کۆبوونەوەکاندا پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ بکرێن.
 
بەگوێرەی میدیای وڵاتەکە، بڕیارە لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان عێراق و حکومەتی راگوزەری سووریا بکرێت.
 
هەر بەگوێرەی ئەو میدیایە، یەکێکی دیکە لە مژارەکانی کۆبوونەوەکە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق دەبێت، لەوانەش کاریگەری هێرشەکانی ئیسرائیل و پێشهاتەکانی سووریا لەسەر وڵاتەکە.
 
میدیای فەرمیی تورکیا باس لەوە دەکات، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکاندا باس لە شەڕی تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە و ''هەڕەشەی گەریلاکان بۆ سەر تورکیا، سووریا و عێراق'' باس بکرێت، میدیاکە بەو جۆرە ناوی هێناوە.
 
میدیای فەرمیی وڵاتەکە دەشڵێت، بڕیارە لە کۆبوونەوەکاندا باس لە بەهێزکردنی پەیوەندیی بازرگانیی هەردوولا بکرێت، لەسەرووی هەموویانەوە هەنگاوەکانی پەیوەست بە بەرەوپێشبردنی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان؛ یەکێکی دیکە لە مژارەکانیش تایبەت دەبێت بە ''سەقامگیریی پێکهاتەی تورکمان و ئەو پارتە سیاسییانەی لە عێراق نوێنەرایەتیی پێکهاتەکە دەکەن''.
 
رۆژی 25ـی کانوونی دووەمی 2025، شۆڕش خالید، بریکاری وەزیری دەرەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەگاتە بەغدا و بەجیا لەگەڵ هەر یەک لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە کۆدەبێتەوە."
 
بە گوتەی شۆڕش خالید، "دوای کۆبوونەوەکان، هاکان فیدان، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەش لەگەڵ  فوئاد حوسێن رێکدەخات". 
 
شۆڕش خالید ئاماژەی بەوەشکرد، هاکان فیدان لە بەرنامەیدا نییە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی سوودانی و فەرماندەیی هاوپەیمانیی نێودەڵەوڵەتیی دژی داعش

سوودانی: پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا گرنگە

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و سووریا، جەختی لە گرنگیی پەیوەندیی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا کردەوە.