رووداو دیجیتاڵ وەزیری کارەبای عێراق دەڵێت، پێویستیی زۆریان بۆ هاوردەکردنی گاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا و قەرزەکانی سەر وەزارەتەکەیان، ئاڵنگاریی گەورەن لە بەردەمیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا. بەپێی راگەیێندراوێکی فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، رۆژی شەممە (25-07-2026)، لیژنەی کارەبا و وزەی پەرلەمان میوانداریی عەلی سەعدی وەهیب، وەزیری کارەبا و تیمی وەزارەتەکەی کرد، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پلانەکانی ئێستا و داهاتووی کەرتی وزە. لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری کارەبای عێراق ئەنجامی سەردانە ئەم دواییانەی بۆ ئەمریکا و ئێران خستووەتەڕوو و باسی لە وردەکاریی گرێبەستەکەی وەزارەتەکەی لەگەڵ کۆمپانیای (GE)ـی ئەمریکی و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی کردووە، هاوکات پرسی هاوردەکردنی گازی ئێرانیش یەکێک بووە لە تەوەرە سەرەکییەکان. وەزیری کارەبا ئاماژەی بەوە کردووە، یەکێک لە ئاڵنگارییە گەورەکانی بەردەم وەزارەتەکەی، "پێویستیی زۆرە بە هاوردەکردنی گاز بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا، جگە لەو قەرز و شایستە داراییانەی کە لەو چوارچێوەیەدا لەسەر وەزارەتەکەمان ماونەتەوە." سەبارەت بە پڕۆژە ستراتیژییەکانی بەستنەوەی کارەبای عێراق بە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، ئوردن و تورکیا، عەلی سەعدی وەهیب رایگەیاندووە، دۆخی ناوچەکە کاریگەرییان هەبووە لەسەر دواکەوتنی هەندێک لەو پڕۆژانە. وەزیر و لیژنە پەرلەمانییەکە تاوتوێی پلانی وەزارەتەکەیان بۆ هاوینی ئەمساڵ و هاوینی داهاتوو کردووە و وەزیری کارەبا ئاماژەی بەوە کردووە، پلانیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی فشاری سەر تۆڕەکان، لەگەڵ ئەنجامدانی چاکسازیی دانانی پێوەری زیرەک بۆ هاوبەشان بە مەبەستی رێکخستنەوەی بەکاربردن. ئێستا لە عێراق 23 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت، لە کاتێکدا لە وەرزی گەرمادا پێویستی بە زیاتر لە 50 هەزار مێگاوات کارەبایە.