رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بەرزیی نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان و کەمیی بەنزینی حکومی، بەشێکی زۆری شۆفێرانی پارێزگای دهۆک و هەولێر بۆ پڕکردنی تانکی ئۆتۆمبێلەکانیان روو لە پارێزگای نەینەوا دەکەن، بەگوتەی کارگێڕیی بەنزینخانەیەکیش، زۆربەی کڕیارەکانیان خەڵکی دهۆکن.
بەنزینخانەکانی موسڵ، بەتایبەت ئەوانەی دەکەونە بەری چەپی شارەکە، قەرەباڵخییەکی زۆریان لێ دروستبووە. زۆربەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە سەرەی وەرگرتنی بەنزیندان، تابلۆی دهۆک و هەولێریان پێوەیە.
بەپێی زانیارییەکانی کارگێڕیی بەنزینخانەی گەڕەکی "عەرەبی" لە بەری چەپی موسڵ، نزیکەی 70٪ی ئەو شۆفێرانەی رۆژانە دەچنە لای ئەوان خەڵکی دهۆکن.
بۆ 40 لیتر بەنزین، 22 هەزار دینار جیاوازی هەیە
هانی سلێمان، یەکێک لەو دوکاندارانەی دهۆک بۆ بەنزین چووەتە موسڵ، بە رووداوی راگەیاند: "لێرە 40 لیترم بە 18 هەزار دینار وەرگرتووە، لەکاتێکدا ئەگەر لە دهۆک بێت بە زیاتر لە 30 هەزار دینارە و ئەگەر بەنزینی بازرگانیش بێت دەگاتە نزیکەی 40 هەزار دینار."
لە موسڵ تەنیا بەنزینی "نۆرماڵ"ی حکومی بە نرخی 450 دینار بۆ هەر لیترێک دابەش دەکرێت. دابەشکردنەکەش بە سیستمی "کۆپۆن" یان کارتە و بە هەر ئۆتۆمبێلێک بڕی 40 لیتر دەدرێت.
ئەیاد نووری، شۆفێرێکی دیکەی دهۆکییە و دەڵێت: "چوومە فەیدیێ بەنزین نەبوو، ناچار هاتمە مووسڵ. کارتەکەم لە برایەکی خۆم وەرگرتووە بۆ ئەوەی بتوانم لێرە بەنزین وەربگرم."
بەنزینی سوپەر و محەسەن لە بەنزینخانە حکومییەکاندا نین
لەنێو شۆفێرەکاندا، گلەیی لە کەمیی خزمەتگوزارییەکان لە ناوچەکانی خۆیان هەیە. فەرهاد مەحموود فەرمانبەرە، دەڵێت: "ئێمە کوردایەتی و خەباتمان بۆ ئەوە کرد تاوەکو سەربەخۆ بین و پێویستمان بەم لایە (مووسڵ) نەبێت، کەچی ئێستا دێم و چاوەڕێی ئەم لایە دەکەم تاوەکو بەنزینێکم بدەنێ و بچمەوە ماڵەوە."
لە پارێزگای نەینەوا، بەنزینخانە حکومییەکان تەنیا جۆری نۆرماڵ دابەش دەکەن و جۆرەکانی "سوپەر و محەسەن" بوونیان نییە، بەڵام لەسەر شەقامەکان بەنزینی بازرگانی بە نرخێکی گرانتر لە حکومی دەفرۆشرێت، هێشتا بەراورد بە نرخەکانی هەرێمی کوردستان بۆ شۆفێران گونجاوترە.



