رووداو دیجیتاڵ جێگری یەکەمی سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی کوێت، لە پارێزگای بەسرەوە رایگەیاند، دەروازەی عەبدەلی لە ماوەی 48 کاژێردا بۆ گەشتیار و بازرگانان دەکرێتەوە. شێخ فەهد یوسف سعود، وەزیری ناوخۆی کوێت بە یاوەریی شاندێکی باڵای ئەمنی و سەربازی گەیشتە دەروازەی سەفوان لە سنووری عێراق و لەگەڵ پارێزگاری بەسرە کۆبووەوە. هەردوولا تاوتوێی دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە و رێگەکانی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی ئەمنییان کرد، بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان و خزمەتکردن بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات لە چوارچێوەی پەیوەندییە برایانەکانی نێوان عێراق و کوێت. وەزیری ناوخۆی کوێت گوتی، "قەبارەی ئەو زیانانەی کە بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە بەر دەروازەکە کەوتوون دیار دەکەین و هەڵسەنگاندن و رێکاری پێویست دەگیرێتەبەر بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا دەروازەکە بکرێتەوە و جووڵەی تێدا ئاسایی ببێتەوە." رۆژی 22ـی تەممووزی 2026، عەقید روکن سعود عەبدولعەزیز عەتوان، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوێت رایگەیاند، "دەروازەی سنووریی عەبدەلی رووبەڕووی هێرشێکی درۆنی دوژمنکارانە بووەوە، کە بووە هۆی زیانی ماددی، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی هەبێت". دەروازە سنوورییەکە، لە دیوی کوێتەوە ناوی عەبدەلییە و لە دیوی عێراقیشەوە ناوی سەفوانە، بە شادەمارێکی گرنگی بازرگانی و گەشتیاریی نێوان هەردوو وڵات دادەنرێت.
عێراق25-07-2026وەزیری کارەبای عێراق لە پەرلەمانەوە: ئاڵنگاریی بەردەممان پێویستیی گاز و زۆریی قەرزەکانە