رووداو - هەولێر
ژمارەیەك پەرلەمانتاری شیعە بە تایبەتی لە فراكسیۆنەكانی نەسر، سائیرون، حیكمە و دەوڵەتی یاسا، واژۆیان كۆكردووەتەوە بۆ بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی عێراق بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران. هەر لە ئێستاشەوە ژمارەیەك دۆسیەیان ئامادەكردووە كە دژی بیجووڵێنن. پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێت ئامانج لەو هەوڵە، تێكدانی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدایە.
سامر زیبان حەمدانی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی فەتح كە یەكێكە لەوانەی واژۆی لەسەر یاداشتی لێپرسینەوەكە كردووە، بە (رووداو)ی راگەیاند: "هەندێك لە پەرلەمانتاران گلەیی ئەوە دەكەن كە ناتوانن وەزیری دارایی ببینن و وەڵامی پرسیار و بەدواداچوونەكانیان ناداتەوە. هەندێكی دیكەش بابەتەكە پەیوەست دەكەن بە جێبەجێكردنی یاسای بودجە و رادەستنەكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە".
ئەو، كە پەرلەمانتاری كوتلەی سادیقوونی سەر بە عەسایبی ئەهلی حەقە لە نێو هاوپەیمانیی فەتح دەڵێت، دەخوازن كێشەی نەوت و بودجەی نێوان هەولێر و بەغدا بە تەواوی چارەسەر بكرێت، تاوەكو هەموو ساڵێك ئەو گرفتە سەرهەڵنەداتەوە.
هەرچەندە پەرلەمانتارانی شیعە دەڵێن لەسەر بەهەدەردانی بودجە بانگهێشتی د.فوئاد حوسێن دەكەن بۆ پەرلەمان، بەڵام پەرلەمانتارانی كورد دەڵێن ئامانجێكی سیاسی لە پشت بانگهێشتكردنەكەیە.
د. ئەحمەد سەفار، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی كە هاوكات بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە، بە (رووداو)ی گوت: "هەتا لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان نزیكتر ببینەوە دەنگی دژ بە كورد زیاتر بەرز دەبێتەوە، بانگهێشتكردنی د.فوئاد حوسێنیش لە چوارچێوەی دژایەتی كوردە و مەرامێكی سیاسی لەپشتە، فراكسیۆنەكانی دەوڵەتی یاسا، فەتح، سائیروون و بەشێكیش لە حیكمە رۆڵی سەرەكی لە دژایەتیكردنی كورد دەگێڕن".
بەڵام شێروان میرزا، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، پێیوایە شیعەكان لەو كارەدا دوو مەرامیان هەیە: "هەوڵی بانگهێشتكردنی وەزیرە كوردەكە بۆ دوو مەرامە. رەوتی حیكمە، هاوپەیمانی نەسر، هاوپەیمانیی سائیروون و دەوڵەتی یاسا دەیانەوێ لەم پرسەدا بە تیرێك دوو نیشانە بپێكن، یەكەمیان دروستكردنی لەمپەر لەبەردەم حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، دووەمیان تێكدانی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا".
ئەمە یەكەمجار نییە هەوڵی بانگهێشتكردن و وەرگرتنەوەی متمانە لە وەزیرێكی كورد دەدرێ. لە كابینەی رابردوو ئەمە بەرامبەر هۆشیار زێباری، وەزیری پێشووی دارایی كرا.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی رۆژی 21/9/2016 پرسی سەندنەوەی متمانەی لە وەزیری دارایی خستە دەنگدانەوە و دواتر بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، متمانە لە هۆشیار زێباری سەندرایەوە. لەو دانیشتنەدا: 158 پەرلەمانتار دەنگیان بۆ سەندنەوەی متمانە لە زێباری دا، لە بەرامبەردا 77 پەرلەمانتار دەنگیان بۆ رەتكردنەوەی سەندنەوەی متمانە دا و 14 پەرلەمانتاریش دەنگیان نەدا.
مانگێك بەر لەوەی متمانە لە هۆشیار زێباری بسەندرێتەوە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، متمانەی لە وەزیری بەرگری، خالید عوبێدی وەرگرتەوە كە سوننەیە.
بەپێی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەگەر بێت و زۆینەی پەرلەمانتاران بە (50 + 1) دەنگ بۆ سەندنەوەی متمانە لە هەر وەزیرێك بدەن، ئەوا ئەو وەزیرە بە دەستلەكاركێشاوە ئەژمار دەكرێت.
ناسر هەركی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق پێیوانییە بانگهێشتكردنی ئەو وەزیرە بۆ پەرلەمان شتێكی یاسایی و ئاسایی بێت و دەڵێت: "بانگهێشتكردن چەند رێكارێكی یاسایی خۆی هەیە. ناكرێ گوێ بۆ چەند كەسێك بگیرێت كە نزیكبوونەوەی هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندییاندا نییە. د.فوئاد حوسێن هیچ سەرپێچییەكی یاسایی نەكردووە لە ناردنی بودجە و مووچەدا، ئەگەر بانگهێشتەكەشی سیاسی بێت، باوەڕ ناكەم هیچ فراكسیۆنێكی كوردستانی قبووڵی بكات".
لە كاتی سەندنەوەی متمانە لە هۆشیار زێباری، چەند پەرلەمانتارێكی كوردیش دەنگیان بە سەندنەوەی متمانە لەو دابوو، بەڵام شێروان میرزا بەدووری دەزانێ ئەمە بەرامبەر د.فوئاد حوسێن دووبارە ببێتەوە و دەڵێت: "ئەگەر د.فوئاد حوسێن بۆ مەرامی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردن بانگهێشت بكرێت، یان لەبەر ناردنی بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان بێ، هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان دژی دەوەستنەوە، بەڵام ئەگەر بەڵگەیان لەسەری هەیە كە گەندەڵی كردبێ و سامانی گشتی بەهەدەردابێ، ئەوكاتە ئێمە قسەیەكی دیكەمان دەبێ".
هەرچەندە تاوەكو ئێستا وادەی بانگهێشتكردنی فوئاد حوسێن دیار نییە، بەڵام بۆ ئەو مەبەستە بەشێك لە پەرلەمانتارە عەرەبەكان واژۆی پێویستیان كۆكردووەتەوە، بە گوتەی شێروان میرزا، بیانووی ئەو پەرلەمانتارانە بۆ بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی بەهەدەردانی سامانی گشتی و پارەی نەوتە، بەڵام دەڵێت تاوەكو ئێستا هیچ بەڵگەیەكیان بۆ ئەمە نییە.
شیعەكان زۆرینەن لە پەرلەمان، ئەوانەشی واژۆیان بۆ بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی كۆكردووەتەوە لە زۆربەی فراكسیۆنەكە شیعەكانن، بۆیە ترس هەیە د.فوئاد حوسێنیش بە دەردی هۆشیار زێباری بچێ.
موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی گوت: "هیچ ئامانجێكی چاكسازی لە پشت ئەو هەوڵەوە نابینم، تەنیا بۆ لێدانە لە كورد و بۆ گوشارخستنە سەر عادل عەبدولمەهدی و فوئاد حوسێنە بۆ ئەوەی ئەو كارئاسانیەی بۆ كوردیان كردووە كەمی بكەنەوە".
موسەننا ئەمین گوتیشی: "دیار نییە چەند واژۆ كۆكراوەتەوە، بەڵام زیاتر لەوەی كە بۆ بانگهێشتكردنی وەزیرێك پێویستە كۆكراوەتەوە، هەرچەندە بڕوا ناكەم بتوانن وەكو كابینەی پێشوو وەزیری دارایی دووربخەنەوە، چونكە ئێستا هەلومەرجەكە جیاوازە و هیچ بەڵگەیەكی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتیشیان لەسەر وەزیری دارایی نییە".
وەزیری دارایی چی دەڵێت؟
پێشتر لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو)، د.فوئاد حوسێن لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا هیچ مەترسییەك هەیە لەسەر ئەوەی ئەو سیناریۆیەی لە ساڵانی رابردوو لەگەڵ وەزیرەكان كراوە، لەگەڵ ئەویش دووبارە بكرێتەوە بۆ سەندنەوەی متمانە؟ ئەو لە وەڵامدا گوتبووی: "لەكاری پەرلەمانی شتێكی ئاساییە لێپرسینەوە و میوانداری هەبێت، ئەمە بەشێكە لە كاری پەرلەمان، بەشێكە لە كاری وەزیریش بچێتە پەرلەمان و وەڵام بداتەوە، ئەمە شتێكی ئاساییە، بەڵام ئەگەر لێپێچینەوەمان لەگەڵ بكرێت لەسەر جێبەجێكردنی یاسا، من شانازی پێوە دەكەم".
