رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایدەگەیەنێت، داهاتی ئاوی رووباری فورات بەراورد بە پار شەش هێندە زیادی کردووە، بڕی ئاوی کۆکراوەش لە بەنداوی حەدیسە گەیشتووەتە نزیکەی 5 ملیار مەتر سێجا.
خالید شیمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ـی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "تاوەکو رۆژی سێشەممە 31ـی ئابی 2026، داهاتی ئاوی رووباری فورات لە بەنداوی حەدیسە گەیشتووەتە 788 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا. ئێستا وەزارەت 500 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا لە بەنداوەکە بەردەداتەوە و 288 مەتر سێجاشی پاشەکەوت دەکات."
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق روونیکردەوە، پار لەم کاتەدا داهاتی ئاوی بەنداوی حەدیسە تەنیا 129 مەتر سێجا بووە لە چرکەیەکدا، ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت کە داهاتی ئێستا 6 هێندەی پارە. خالید شیمال گوتی: "پار ناچار بووین ئاوی پاشەکەوتکراو بەکاربهێنین، بەڵام ئەم ساڵ ئاو پاشەکەوت دەکەین."
سەبارەت بە ئاستی گلدانەوەی ئاو، خالید شیمال گوتی: "ئێستا نزیکەی 5 ملیار مەتر سێجا ئاو لە بەنداوی حەدیسە کۆکراوەتەوە، لەکاتێکدا پار کەمتر بوو لە 2 ملیار مەتر سێجا." ئاماژەی بەوەش کرد، بۆشایی گلدانەوە لە بەنداوەکەدا ئێستا کەمترە لە 3.5 ملیار مەتر سێجا، لەکاتێکدا پار زیاتر لە 6.5 ملیار مەتر سێجا بووە.
زیادبوونی داهاتی ئاو کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دەریاچەکانیش هەبووە. خالید شیمال گوتی: "بەهۆی باشبوونی داهاتی ئاو، ماوەیەکە دەستمان کردووە بە بەردانەوەی ئاو بەرەو دەریاچەی حەبانییە بە بڕی 40 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، ئەوەش بە مەبەستی زیادکردنی رووبەری دەریاچەکە و بووژاندنەوەی، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو هیچ ئاوێک بۆ ئەو دەریاچەیە بەرنەدرابووەوە."
بە گوتەی خالید شیمال، تورکیا و سووریا بۆ کەمکردنەوەی بڕی ئاوی کۆکراوە لە بەنداوەکانیان و کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا، دەستیان کردووە بە پاڵنانی ئاو بەرەو رووباری فورات. ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ گلدانەوەی ئەو شەپۆلە باران و لافاوەی کە پێشبینی دەکرێت لە وەرزی زستانی داهاتوودا ناوچەکە بگرێتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)