رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەسپاکیی عێراق، فەرمانبەرێکی ئافرەتیان لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی دیوانیە لە کاتی وەرگرتنی بەرتیلدا دەستگیرکردووە، کە داوای پارەی لە هاووڵاتییەک کردبوو بۆ راییکردنی مامەڵەی کڕینی زەوییەکی حکومەت.
رۆژی یەکشەممە، 6ـی ئەیلوولی 2026، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی دەستەی دەسپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند:" تیمێکی مەیدانی لە پارێزگای دیوانیە دوای وەرگرتنی زانیاری و وردبینی، توانییان فەرمانبەرێکی هۆبەی موڵکایەتی لە شارەوانیی شارەکە لەکاتی ئەنجامدانی کارەکە دەستگیر بکەن".
ئەو ژنە فەرمانبەرە داوای بڕە پارەیەکی وەک بەرتیل لە هاووڵاتییەک کردبوو بۆ ئەوەی مامەڵەی کڕینی پارچە زەوییەکی دەوڵەتی بۆ تێپەڕێنێت، کە بەپێی مادەی 25ـی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵکی دەوڵەت ئەنجامدرابوو.
تیمی دەسپاکیی عێراق راشیگەیاندووە، کە دوای دڵنیابوونەوە لە زانیارییەکان و وەرگرتنی فەرمانی دادوەر، بۆسەیەکی تۆکمەیان بۆ تۆمەتبارەکە داناوە و لە کاتی وەرگرتنی پارەکەدا دەستگیریان کردووە.
دادوەری لێکۆڵینەوەی دیوانیە بڕیاریداوە تۆمەتبارەکە بەپێی بڕیاری ژمارە 160ـی ساڵی 1983ـی هەموارکراو رابگیرێت تاوەکو لێکۆڵینەوە یاساییەکان لەگەڵیدا تەواو دەبن.
پارێزگای دیوانیە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا رووبەڕووی فراوانترین هەڵمەتی دژە گەندەڵی بووەتەوە کە بە "هەڵمەتی بەرەبەیان" ناسراوە، تێیدا دەیان بەرپرس و فەرمانبەری پلە باڵا بە تۆمەتی ساختەکاری لە مامەڵەکانی زەوی و زار و وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکراون.



.jpg&w=3840&q=75)