رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیێنێت، داوا دەکرێت قەزای شنگال بکرێتە ئیدارەیەکی سەربەخۆ و راستەوخۆ سەر بە بەغدا بێت.
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ـی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوانەی ئێستا لە شنگالن داوای ئیدارەیەکی سەربەخۆ بۆ شنگال دەکەن کە راستەوخۆ ببەسترێتەوە بە بەغدا نەک نەینەوا."
قەزای شنگال، دەکەوێتە سنووری پارێزگای نەینەوا، یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، گوتی: "گفتوگۆکان لەبارەی دۆخ و ئایندەی شنگال بەردەوامن، هەوڵەکان بەو ئاراستەن قایمقامێک بە سازان بۆ شنگال دابنرێت."
سەرچاوەیەکی ئاگاداریش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەوڵی دروستکردنی ئیدارەیەکی سەربەخۆ هاوشێوەی ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ شنگال هەیە، لەسەر ئەم پرسە لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لیژنەیەک پێکهێنراوە."
لە مانگی ئابی 2014 داعش هێرشی کردە سەر شنگال، جگە لە کوشتن و رفاندنی زیاتر لە شەش هەزار کوردی ئێزدی، زۆربەی شوێنە ئایینییەکانیشی تێکدان، دوای زیاتر لە 10 ساڵ لە کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە، تاوەکو ئێستا دۆخەکەی ئاسایی نەبووەتەوە.


.jpg&w=3840&q=75)