بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئەنبار بۆ رووداو: تەرمی چوار حاجییەکەمان بۆ سلێمانی بەڕێکردن

22-06-2024
ئەنمار غازی
تەنیا یەک لە پێنج حاجییەکە لە ژیاندا ماوە
تەنیا یەک لە پێنج حاجییەکە لە ژیاندا ماوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئەنبار بە رووداوی رایگەیاند، تەرمی ئەو چوار حاجییەی شاری سلێمانی، کە بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەیان گیانیان لەدەستداوە، براونەتە دادپزیشکی دوای ئەوەی وەفاتنامەیان بۆ دەرهێنراوە، تەرمەکانیان بەڕێکراوە بۆ سلێمانی.
 
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (شەممە، 22-06-2024) ئۆمۆمبێلێکی جۆری لاندکرووز کە پێنج حاجیی کوردی تێدابوو، لەسەر رێگەی خێرای ناوچەی حامزییە لە روومادی، ناوەندی پارێزگای ئەنبار وەرگەڕا و چوار حاجی گیانیان لەدەستدا و یەکێکیشیان بریندار بوو.
 
دکتۆر خوزێر شەلال، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئەنبار، بە ئەنمار غازی، پەیامنێری رووداوی راگەیاند "هەواڵمان پێگەیشت ئۆتۆمبێلێکی لاندکرووز وەرگەڕاوە، نازانین هۆکار چییە. ئۆتۆمبێلەکە ژمارەیەک حاجیی ماڵی خوای تێدابووە، ژمارەیان 5 کەس بووە. سێ ژن و دوو پیاو بوون. ئەوانەی گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی روومادی، چواریان گیانیان لەدەستداوە، دوو پیاو و دوو ژنن، ئەوانمان گواستنەوە بۆ دادپزیشکی و رێکاری دەرکردنی وەفاتنامەیان تەواوکران." 
 
لەبارەی هۆکاری رووداوەکە، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئەنبار گوتی "بە هەڵسەنگاندنی من، بە شەو نەخەوتوون، ئەمە تەنیا لێکدانەوەی سەرەتاییە، یان شتێک بەسەر تایەی ئۆتۆمبێلەکەدا هاتووە یان شوفێرەکە خەوی لێکەوتووە و وەرگەڕاوە."
 
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئەنبار ئاماژەی بەوە دا؛ پارێزگار بڕیاریدا ئۆتۆمبێلێک دابینبکرێت بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە هەرێمی کوردستان بۆ سلێمانی.
 
سەبارەت بە حاجییە بریندارەکە، دکتۆر خوزێر شەلال گوتی "ئێستا لە نەخۆشخانەی فێرکاریی روومادییە، هەموو رێکارێکی تەندروستیمان گرتەبەر و فریاگوزاریی سەرەتاییمان بۆی کرد، هەروەها پشکنینی سی تی سکانمان بۆ کرد و دەرکەوت سەری زیانی بەرنەکەوتووە. سوپاس بۆ خوا دۆخی باشە. هەروەها زەبرێک بەر سکی کەوتبوو، پشکنینی سۆنارمان بۆی کرد و ئەنجامەکەی باش بوو و دەرکەوت هیچ زیانێکی ئەوتۆی نەبووە."
 
بەپێی ئەو وەفاتنامەیەی لە دادپزیشکیی نەخۆشخانەی روومادی بۆ حاجییەکان کراوە، ناسنامەی ئەو حاجیانەی گیانیان لەدەستداوە بەوشێوەیە: نەعیمە عوسمان حوسێن،  تانیا کامل کاکە، جاسم حەسەن حوسێن و موستەفا حەسەن فەرەج، هەروەها حاجییە بریندارەکەش ناوی نەسرین رەزایە و تەمەنی 47 ساڵە.
 
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ئەنبار ئامۆژگاریی ئەو کەسانە دەکات کە بە رێگەی خێرا گەشت دەکەن "پێویستە هەموو شوفێرێک هۆشیار و وریا بێت. پێویستە تەواوی مەرجەکانی سەلامەتی لە ئۆتۆمبێلەکەیدا هەبن. ئەگەر شوفێرەکە ماندوو بوو، پێویستە ژیانی ئەوانی دیکە نەخاتە مەترسییەوە، پێویستە پەنا بباتە بەر نزیکترین شوێن بۆ ئەوەی پشوو بدات."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە