رووداو دیجیتاڵ
کورد و شیعە لە دووەم دیداری نەجەف - هەولێر، تاوتوێی پەیوەندی نێوانیان لە عێراقی نوێ دەکەن. دوو دەیە بەسەر ئەو دەستوورەدا تێپەڕێوە کە کورد و شیعە زامنیان کرد، بەڵام مافەکانی کورد لەنێویاندا پرسی کورد بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.
حاکم رزگار، دادوەرێکی کوردە و لە دیدارەکەدا بەشداریکردووە و لەبارەی ئەو پرسانەی باسکران دەڵێت: "ماددەی 140 لە کێشەدایە و جێبەجێ ناکرێت، دۆخی کەرکووک بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، زەوی جوتیارەکانی کورد تاوەکو ئێستا ناهێڵن بیکێڵن و کێشەیان بۆ دروست ئەکەن، باسی بابەتی دواکەوتنی مووچەمان کرد کە هەر جارە و کێشەیەکی بۆ دروست دەبێت".
ئەبوبەکر کاروانی، نووسەر و لێکۆڵەری کورد یەکێکی دیکەیە لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە و باسی لەوە کرد، "بەشێک لەم کێشانە پەیوەندییان بە عێراقەوە هەیە وەکو قەوارە، عێراق شکستی خوارد لەوەی ببێت بە نیشتمان بۆ هەمووان، پرۆسەی گەلسازی لە عێراق شکستی خوارد، تاوەکو ئێستا ناسنامەیەکی کۆکەرەوەی عێراقیمان نییە. لەدوای 2003ـشەوە کە بڕیاربوو سیستمێک دروست بێت کە دابڕانێک لەگەڵ سیستمی پێش خۆی دروست بکات، ئەو سیستمەش تووشی قەیرانی گەورە بووە".
هەموو کوردەکان باسی پابەندبوون بە دەستوور دەکەن، بەڵام دەستەبژێری شیعە داوای پابەندبوون بە دادگەی فیدراڵی دەکەن. دادگەکەش رۆژ دوای رۆژ دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەمدەکاتەوە.
لە بەرامبەردا خالید عەرداوی، لێکۆڵەری شیعە لەبارەی پرسی دەستوور ئاماژەی بەوەدا: "پێم وایە بابەتی دەستوور بابەتێکی تایبەت نییە بە بەرژەوەندییەکانی کورد. هەروەها ئێمە چەندین نموونەمان هەیە لە بابەتی ئازادی و مافەکان وە تەنانەت بابەتی تەواونەکردنی دامەزراوە دەستوورییەکان، وەکو ئەنجوومەنی دادوەری ئەوانە کاریان تێدا نەکراوە و نین بۆیە پێویستمان بەوەیە بوەستین لە بەسیاسیکردنی هەندێک ماددەی دەستووری و پشت ببەستین بە شارەزایانی یاسایی".
عەمار ناسر، توێژەر و سیاسی شیعەیە لەبارەی پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی بە رووداوی گوت: "برایانی کورد دەبێت پەیامی دڵنیایی بدەن بە حکومەتی عێراق بەجێبەجێکردنی هەموو بەندەکانی دەستوور و ئەوەی کە رێکەوتوون لەسەری، وە دەبێت ڕێز بگرن لە دادگای فیدڕاڵی و یاساکان، نابێت برا کوردەکان پەند نەبن بە ئەرکەکانیان دەبێت ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و مافەکانیانشیان پێ بدرێت. ئەمە زۆر گرنگە، چونکە ئەوان هاوبەشمانن لە نیشتمان و وەکو ئێمە قوربانییان داوە".
سەدەیەکە باشووری کوردستان لکێندراوە بە دەوڵەتی عیراقەوە، سێ چارەکی ئەو ماوەیە سوننە شەڕی لەناوبردنی کوردی دەکرد، ئێستاش شیعە بەڵێنی بێ کردار دەدەن.
مەرجەعیەتی شیعە لە نەجەف هەرچەندە خۆی لە پرسە سیاسییەکان بەدوورگرتووە، بەڵام ئەوان گلۆپی سەوزیان بۆ دامەزراندندنی حەشدی شەعبی، عێراقی نوێ و دەستووری نوێ کردووە. شاندەکەی کوردیش لە نەجەف، داوا دەکەن بە هەمانشێوە رۆڵیان لە گیڕانەوەی مافەکانی کورد هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ