رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 7 بەڕێوەبەری گشتی لە ئەمینداریەتیی بەغدا و وەزارەتی کارەبا لە پۆستەکانیان دوورخستەوە و 17 بەڕێوەبەریشی لە ژمارەیەک وەزارەت جێگیرکرد. سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، پرۆسەی هەڵسەنگاندنی کاری بەرپرسان بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە، 18-03-2025، بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی بڕیاریدا سێ بەڕێوەبەری گشتی لە ئەمینداریەتیی بەغدا لە پۆستەکانیان دووربخاتەوە، بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە کێشەی کاریگەریی شەپۆلی بارانبارینی ئەم دواییەی ناوچە جیاجیاکان چارەسەر بکەن.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چوار بەڕێوەبەری گشتیشی لە وەزارەتی کارەبا دوورخستەوە، بەهۆی ئەوەی ئەنجامی هەڵسەنگاندنیان باش نەبووە.
هەروەها ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق جێگیرکردنی 17 بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتە جیاجیاکان پەسندکرد، ئەوەش بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنی لیژنەی تایبەت بە خاوەن پلە تایبەتەکان یان ئەو کەسانەی پۆستیان لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکاندا هەیە و پێشکێشیان کردووە.
محەممەد شیاع سوودانی گوتی، جێگیرکردنی بەڕێوەبەرە گشتییەکان بەو مانایە نییە کە پرۆسەی هەڵسەنگاندن و لێپرسینەوە نایانگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ