ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای مادەهۆشبەرەکان دەنێرێتە پەرلەمان

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و چەندین بڕیاری دەرکرد، لەوانەش ناردنی پڕۆژەیاسای مادەهۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان بۆ پەرلەمانی عێراق.
 
رۆژی سێشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2024، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا و کۆمەڵێک بڕیار و راسپاردەی دەرکرد. یەکێک لە بڕیارەکان رەزامەندی دەربڕین بوو لەسەر خەڵاتکردنی "براوەی یارییەکانی پارائۆڵۆمپیادی پاریس 2024 بەپێدانی پارچە زەوییەکی نیشتەجێبوون بە رووبەری 200 مەتر دووجا لە شاری خۆیان؛ هەروەها یەکەمەکان بۆ 10 مانگ بڕە پارەیەکیان پێدەدرێت، بە جۆرێک 750 هەزار دینار بۆ براوەی یەکەم، 700 هەزار دینار بۆ براوەی دووەم و 650 هەزار دینار بۆ براوەی سێیەم". 
 
یارییەکانی پارائۆڵۆمپیاتی پاریس لە 28ـی ئاب تاوەکو 8ی ئەیلوول بەڕێوەچوون و چوار کەس و تیمێکی شمشێربازی عێراقی مەدالیایەکی زێڕ، مەدالیایەکی زیو و سێ مەدالیای برۆنزییان بردەوە.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر "پڕۆژەیاسای هەموارکراوی مادەهۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکانی ژمارە 50ـی ساڵی 2017 دەربڕی و بڕیاریدا بە ناردنی بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەری، بە لەبەرچاوگرتنی تێبینییەکانی بەشی یاسایی لە ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران."
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رێنمایی دەرکرد، "بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لە راوێژکارانی سەرۆکی حکومەت، بەشی یاسایی لە ئەمینداریەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆمپانیای گشتیی ئاسن و پۆڵا لە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان و بەشی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی بۆ بەدواداچوون و پێداچوونەوە بۆ پرسی دامەزراندنی یەکەم شاری پیشەسازیی عێراقی."
 
یەکێکی دیکە لە خاڵەکانی کۆبوونەوەکە رەزامەندیی دەربڕین بوو بۆ جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کە لە 3ـی تەمموزی 2024 لە نێوان وەزارەتی پلاندانان و سندووقی دانیشتووانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNFPA) واژۆکرا، بە پشتبەستن بە بڕگەکانی یاسای گرێبەستی پەیماننامەکان ژمارە 35ی ساڵی 2015.
 
سەبارەت بە پرسی کارەبا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وەزارەتی کارەبای راسپارد بۆ گرێبەستکردن بۆ بنیادنانی وێستگە لاوەکییەکانی دابینکردنی وزەی کارەبا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە