رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای بابل بڕیارێکی نوێی لەبارەی ناوی یەکێک لە ستراتیژیترین و هەستیارترین ناوچەکانی سنووری پارێزگاکەوە دەرکرد و ناوێکی نوێی لێنا. بۆ جاری دووەم ناوەکەی لە "جەرف نەسر"ەوە کردە "شاری نەسر".
محەممەد مەنسووری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل، رۆژی دووشەممە، 24-08-2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەنجوومەنی پارێزگای بابل بە فەرمی دەنگی لەسەر گۆڕینی ناوی ناحیەی جەرف نەسر بۆ شاری نەسر دا".
جرف سەخر، زۆربەی دانیشتوانەکەی عەرەبی سوننەن، دەکەوێتە باکووری پارێزگای بابل و بە دەروازەی بەستنەوەی پارێزگاکانی بابل، ئەنبار و بەغدا دادەنرێت، دەکەوێتە سەر رێگەی زیارەتکارانی شیعە بۆ کەربەلا.
پێش ساڵی 2014 ناوی ئەم ناوچەیە "جەرف سەخر" بوو، بەڵام دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی لە شەڕێکی سەختدا ناوچەکەیان لەژێر دەستی رێکخراوی داعش دەرهێنا، ناوەکەیان بۆ "جەرف نەسر" گۆڕی.
محەممەد مەنسووری، گوتی: "بڕیاری گۆڕینی ناوەکەی بۆ شاری نەسر دوای کاردانەوەکانی ئەم دواییانە و تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر رزگارکردنی ناوچەکەدا دێت، دوای ئەوەی لە ساڵی 2006وە چەندین کردەوەی تیرۆریستی و تەقینەوەی تێدا روویدا تاوەکو ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە داگیرکرا."
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل راشیگەیاند، ئەنجوومەنەکەیان نووسراوی فەرمی بۆ وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەکات لەبارەی گۆڕینی ناوەکە بۆ ئەوەی رێکاری پێویست بگرێتەبەر.



