سێنتکۆم: مانگی رابردوو چوار سەرکردەی داعشمان لە عێراق کوشتوون

14-09-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ناوەندیی ئەمریکا - سێنتکۆم رایدەگەیێنێت، لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەی مانگی رابردوویان لەگەڵ هێزە عێراقییەکان، چوار سەرکردەی داعش کوژراون.

رۆژی شەممە، 14ـی ئەیلوولی 2024، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا - سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا باسی لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەی نێوانیان لەگەڵ سوپای عێراق لە 29ـی مانگی رابردوو لە ئەنبار کرد و رایگەیاند: "ئەو ئۆپەراسیۆنە سەرکردەکانی داعشی کردە ئامانج و توانای داعشی بۆ پلاندانان، رێکخستن و ئەنجامدانی هێرش بۆ هاووڵاتییە سیڤیلەکانی عێراق کەمکردەوە."
 
ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەی نێوان سوپای ئەمریکا و هێزە عێراقییەکان رۆژی 29ـی مانگی رابردوو لە پارێزگای ئەنبار کرا، 14چەکداری داعش کوژران و 7 سەربازی ئەمریکیش بریندار بوون.
 
بە گوتەی سوپای ئەمریکا لەو چوار چەکدارەی داعش کە کوژراون، چواریان سەرکردەی داعش بوون. 
 
هەریەکە لە ئەحمەد عیساوی، سەرکردەی ئۆپەراسیۆنەکانی داعش لە عێراق؛ ئەبو هەمام، سەرپەرشتیاری ئۆپەراسیۆنەکانی داعش لە رۆژئاوای ئەنبار؛ ئەبو عەلی تونسی، بەڕێوەبەری تەکنیکی ئۆپەراسیۆنەکانی داعش و شاکر عیساوی، سەرپەرشتیاری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە رۆژئاوای عێراق لەو سەرکردانەی داعشن کە سوپای ئەمریکا دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنەکەی ئەنبار کوژراون. 
 
سوپای عێراقیش راگەیێندراوێکی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەنبار بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە، یەکێک لەوانەی کوژراوە، سەرکردەیەکی باڵای رێکخراوە پەڕگیرەکە بووە بە ناوی ئەبو عەلی توونسی کە وەک فەرماندەی داعش لە عێراق کاریکردووە و ئەمریکا 5 ملیۆن دۆلاری وەک خەڵاتی ئاشکراکردنی شوێنەکەی دانابوو. 
 
هەر لەو ئۆپەراسیۆنەدا، جێگری توونسی بە ناوی ئەحمەد حامد زوەین کوژراوە.
 
سێنتکۆم لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "ئێمە پابەندین بە شکستی هەمیشەیی داعش، کە بەردەوامە لە هەڕەشەکردن لە ئەمریکا، هاوپەیمانان، هاوبەشەکانمان و سەقامگیری ناوچەکە".
 
ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لەکاتێکدایە، گفتوگۆکانی عێراق و ئەمریکا لەبارەی داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق بەردەوامە.
 
ئەمریکا دوو هەزار و 500 سەربازی لە عێراق و 900 سەربازی لە سووریا لە چوارچێوەی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش جێگیر کردووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی نەوت لە عێراق.

وەزارەتی نەوتی عێراق: لە مانگی 11 نزیکەی 99 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئاماری ناردنە دەرەوەی نەوتی بۆ مانگی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ راگەیاند. بەپێی ئاماری کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، کۆی گشتیی ناردنە دەرەوەی نەوتی خاو گەیشتە 98 ملیۆن و 869 هەزار و 824 بەرمیل.