رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق کارەکانی پڕۆژەی گەشەپێدان خێراتر دەکات. گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراقیش دەڵێت: پشکنین و رووپێوی پڕۆژەکە تەواو بووە.
رۆژی چوارشەممە، 14ـی ئابی 2024، مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارمان داوە کارەکانی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان خێراتر بکەین؛ کارەکانی پشکنین و رووپێویی خاک و هێڵی شەمەندەفەر تەواو بووە، دیزاینە سەرەتاییەکانیش 75%ـی تەواو کراوە و لە مانگی ئەیلوولدا کۆتاییان پێدێت."
درێژیی رێگەی خێرای پڕۆژەکە هەزار و 131 کیلۆمەتر و رێگەی هێڵی ئاسنینیش هەزار و 201 کیلۆمەتر دەبێت.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە گوتی: "کۆمپانیایەکی ئیتاڵی وەکو راوێژکار و کۆمپانیایەکی تورکیش وەکو جێبەجێکار کارەکانی رووپێویی و پشکنینی خاکیان تەواو کردووە."
رێگەی گەشەپێدان بەندەری فاو بە تورکیاوە دەبەستێتەوە، تێچووی پڕۆژەکە 17 ملیار دۆلارە، قۆناخی یەکەمی لە 2028 تەواو دەبێت، قۆناخی دووەم 2033 و قۆناخی سێیەم و کۆتاییش ساڵی 2050 تەواو دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ