رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، مانگی رابردوو دەستیان بەسەر زیاتر لە 15 هەزار پارچە چەک و تەقەمەنیدا گرتووە.
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دووشەممە 10-02-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو چەکانەی دەستیان بەسەردا گیراوە پێکدێن لە، 1728 پارچە چەکی جۆراوجۆر، 385 مووشەک و بۆمب، 12 هەزار و 753 پارچە تەقەمەنی جۆراوجۆر و 296 پاشماوەی جەنگی.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەشدا کە 354 ئۆپەراسیۆنیان کردوون بۆ وەرگرتنەوەی چەکی وەزارەتە مەدەنییەکان.
لیژنەیەک بە ناوی لیژنەی نیشتمانیی رێکخستنی چەک و هێشتنەوەی لە دەستی دەوڵەتدا، چەکی دەستی هاووڵاتییان تۆمار دەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتی: "مانگی رابردوو 31 هەزار و 627 هاووڵاتی لە رێگەی پلاتفۆڕمی 'ئۆر'ـەوە ناوی خۆیان بۆ تۆمارکردنی چەکەکانیان نووسیوە.
بە گوێرەی سەنتەری عێراقی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان لە عێراقدا، زیاتر لە 20 ملیۆن پارچە چەکی بێ مۆڵەت هەن، جگە لە ملیۆنان پارچە چەکی دیکە کە بە 'چەکی حکومەت' دەناسرێتەوە.
بەپێی یاسای چەک لە عێراق، ژمارە 51ی ساڵی 2017، هەر هاووڵاتییەکی عێراقیی خێزاندار دەتوانێت چەکێکی ئاسایی بچووک یان دەمانچەیەکی لەگەڵ 50 فیشەک بۆ دەمانچە و 200 فیشەکی بۆ چەک هەبێت.
بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لە عێراق، بە فەرمانی دیوانیی ژمارە 52ی ساڵی 2021، حکومەتی عێراق چەکی هاووڵاتییان تۆمار دەکات و دەکڕێت. پرۆسەکە بە چەند قۆناخێک بەڕێودەچێت.
بۆ تۆمارکردنی چەک، 697 ناوەند لە بنکەکانی پۆلیسی لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق کراونەتەوە، جگە لە هەرێمی کوردستان.
قۆناخى یەکەم لە کانوونى دووەمى 2024 دەستیپێکرد، تێیدا ئەو چەکە سووکانە تۆمار دەکرێن کە هاووڵاتییان هەیانە و مۆڵەتی وەرگرتنیان پێدەدرێت.
قۆناخی دووەم بریتییە لە کڕینەوەی چەکی مام ناوەند لە 01-05-2024 دەستیپێکرد. بۆ پارێزگای بەغدا دوو ملیار دینار و هەر پارێزگایەکی دیکەش ملیارێک دینار بۆ کڕینی چەک لە خەڵکی تەرخانکراوە."
لیژنە پێکهێندراوە بۆ پشکنینی ئەو چەکانەی دەکڕدرێن، 3 بۆ 5 ملیۆن و 900 هەزار دینار تەرخانکراوە بۆ کڕینی چەکی مام ناوەند.
عەمید قەیسی، سەرۆکی لیژنەکە دەڵێت، "بە گوێرەی خاوێنیی چەکەکە، پارەکە لەنێوان 3 بۆ 5 ملیۆن و 900 هەزار دینار گۆڕانکاریی بەسەردا دێت."
قۆناخى سێیەم چەکداماڵین لەدواى کڕینەوەى چەکى مامناوەند دەبێت. هێزە ئەمنییەکان دەست بە پشکنین و گەڕان بەدواى چەک و وردبینی لە مۆڵەتى چەک هەڵگرتنى هاووڵاتییان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ