لە هەر دانیشتنێكی پەرلەمانی عێراقدا بە تێكڕا 50 پەرلەمانتار غائیبن

08-02-2017
پشتیوان جەمال
A+ A-

رووداو- سلێمانی

بڕیاردەری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت لە هەر دانیشتنێكی پەرلەماندا نزیكەی 80 پەرلەمانتار ئامادە نابن، لەوانە نزیكەی 30 پەرلەمانتاریان بە ئەركی پەرلەمان لە دەرەوەن، بەڵام ئەوانی دیكە بۆئەوەی ئامادە نەبن داوای مۆڵەت دەكەن. پەرلەمانتارێكی پارتیش دەڵێت پەرلەمانتار هەیە بە ناوی حەشدی شەعبی ئامادەی دانیشتنەكان نابێت، بەڵام لەلای حەشدی شەعبیش دەوام ناكات.

خولی سێیەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هاوینی 2014ەوە دەستی پێكردووە. ژمارەی ئەندامانی 328 نوێنەرە. بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران ساڵانە دوو وەرزی یاسادانان هەیە كە هەر وەرزێك پێنج مانگە، دوو مانگیش پشوو وەردەگرن.

دەستبەكاربوونی ئەم خولەی پەرلەمان هاوكات بوو لەگەڵ دروستبوونی هێزەكانی حەشدی شەعبی كە لەلایەن شیعەكانەوە دروستكراوە، پەرلەمانیش لە سەرەتای خولەكەدا و بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، بڕیارێكی دەركردووە كە هەر پەرلەمانتارێك پاڵپشت بە نووسراوی فەرمی لە ریزەكانی حەشد خزمەت بكات، دەتوانێت دەوامی پەرلەمان نەكات و مووچەكەشی وەربگرێت.

عیماد یوحەننا، بڕیاردەری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە (رووداو)ی راگەیاند، لە هەر دانیشتنێكی پەرلەماندا نزیكەی حەفتا بۆ هەشتا پەرلەمانتار ئامادە نابن، لەوەش رەنگە 30 پەرلەمانتاریان بەهۆی ئەركی پەرلەمانەوە ئامادە نەبووبن یان لە ریزەكانی حەشدی شەعبیدا بن، ئەوانی دیكە بە ئامادە نەبوو هەژمار دەكرێن، بەڵام دواتر داوای مۆڵەت دەكەن و دەڵێن بەهۆی نەخۆشیی یان پرسە و هۆكاری دیكە نەیانتوانیوە ئامادەبن، لەو كاتەدا ئامادە نەبوونەكەیان دەسڕدرێتەوە.

سەبارەت بەوەی تا چەند پاساوی ئامادەنەبوونی ئەو پەرلەمانتارانە راستە، عیماد یوحەننا گوتی "هەندێك لە پەرلەمانتاران راپۆرتی پزیشكی دێنن، لەو كاتەشدا لەلایەن سەرۆكایەتییەوە ئامادەنەبوونیان دەسڕدرێتەوە. هەروەها پەرلەمانتار هەیە شەش بۆ حەوت دانیشتن نەهاتووە، بەڵام دەڕواتە لای سەرۆكی پەرلەمان و دەڵێت چوومەتە لای ئاوارەكان، سەرۆكی پەرلەمانیش دەڵێت ئامادەنەبوونەكەی بسڕنەوە".

بەبۆچوونی عیماد، ئامادەنەبوونی ئەو پەرلەمانتارانە لە دانیشتنەكاندا زۆرە و بووەتە مایەی رەخنەی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كە چاودێریی كارەكانی پەرلەمان دەكەن، یوحەننا گوتی "سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەردەوام فراكسیۆنەكانی ئاگادار كردووەتەوە كە پەرلەمانتارەكانیان ئامادە بن، چونكە هەندێجار بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاساییەوە، نەتوانراوە پڕۆژەی یاسای گرنگ پەسەند بكرێت".

بڕیاردەری ئەنجوومەنی نوێنەران ناوی ئەو فراكسیۆنانەی ئاشكرا كرد كە زۆرترین پەرلەمانتاریان ئامادەی دانیشتنەكان نابن و گوتی "زۆرترین ئامادە نەبوون لەنێو فراكسیۆنە گەورەكانە، بە تایبەتی فراكسیۆنی هاوپەیمانی نیشتمانی و فراكسیۆنی ئەلعێراقییە".

لەماددەی یەكەمی بەندی 18ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەماندا هاتووە، تۆماری ئامادەبوون و نەهاتنی ئەندامان دەنووسرێ و لە بڵاوكراوەی ئاسایی ئەنجوومەن و یەكێك لە رۆژنامەكاندا بڵاودەكرێتەوە.

لە ماددەی دووەمیشدا دەڵێت "ئەگەر ئەندامی پەرلەمان پێَنج جار بە دوای یەكدا یان 10 جار بەشێوەی پچڕ پچڕ لە ماوەی خولی یاسادانانی ساڵێكدا بەبێ بیانووی یاسایی ئامادە نەبوو، سەرۆكایەتی پەرلەمان دەتوانێت بە نووسراوێك ئاگاداری بكاتەوە و داوای پابەندبوونی لێ بكات، ئەگەر ئامادە نەبوو لەبەردەم دەستەی سەرۆكایەتیدا، كێشەكە دەخرێتە بەردەم ئەنجوومەن لەسەر داوای دەستەی سەرۆكایەتی".

لە ماددەی سێیەمیشدا هاتووە "لە بارێكدا ئەندام ئامادە نەبوو لە دانیشتنێكی ئەنجوومەندا، بڕێكی دیاریكراو لە دەرماڵەكەی دەبڕدرێت".

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، هەر پەرلەمانتارێك بۆی هەیە لە ساڵێكدا 14 رۆژ مۆڵەتی ئاسایی وەربگرێت، بەپێی یاسای گۆڕینی پەرلەمانتاریش، هەر پەرلەمانتارێك پاڵپشت بە راپۆرتی پزیشكی، ئەگەر بۆ ماوەی زیاتر لە 90 رۆژ مۆڵەتی نەخۆشی وەربگرێت، سەرۆكایەتی دەتوانێت داوای گۆڕینی بكات.

ئەردەڵان نوورەدینی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاماژەدان بەوەی غیاباتی پەرلەمانتاران زۆرە، گوتی "بە پلەی یەكەم هۆكارەكەی بۆ ئەو بڕیارەی پەرلەمان دەگەڕێتەوە سەبارەت بە هێزەكانی حەشدی شەعبی، بۆ نموونە هادی عامری پەرلەمانتارە و بەرپرسێكی گەورەشە لە ریزەكانی حەشد، مووچە وەردەگرێت و هەندێجار دەوام دەكات، بەڵام هەندێك پەرلەمانتار سوودیان لەو بڕیارە وەرگرتووە و دەوامی حەشد و پەرلەمانیش ناكەن، مووچەش وەردەگرن".

بەختیار شاوێس، پەرلەمانتاری یەكێتیش ئامادەنەبوونی پەرلەمانتارانی بەو شێوەیە بەلاوە زۆرە، بەڵام دەڵێت، مەرج نییە ئامادەنەبوون لە دانیشتنێك بەمانای ئەوە بێت كە لە دانیشتنی داهاتوو دووبارە دەبێتەوە "ئەگەر 40 تا 50 پەرلەمانتار لە هەر دانیشتنێكدا بە ئامادەنەبوو هەژمار بكرێن، زۆرە و دیاردەیەكی خراپە، پێویستە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت". ناوبراو گوتیشی "بەپێی گرنگیی دانیشتنەكان ئامادەنەبوونیش دەگۆڕێت، بۆ نموونە ئەگەر بزانرێت دانیشتنێك لێپرسینەوەی تێدایە، پەرلەمانتاری زۆرتر ئامادە دەبن".

لە پەرلەمانی عێراق پێنج فراكسیۆنی كوردی هەن، ژمارەی پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا 65 پەرلەمانتارن. بە گوتەی ئەو دوو پەرلەمانتارە، كوردەكان زۆرترین ئامادەییان لە دانیشتنەكاندا هەیە، بەختیار شاوێس گوتی "ئێمە زۆرترین ئامادەبوون و شیعەكانیش زۆرترین ئامادەنەبوونیان هەیە".


سزای ئامادەنەبوون چەندە؟

مووچەی هەر پەرلەمانتارێكی عێراق بەپێی بڕوانامەكانیان دەگۆڕێت، كەمترین مووچەی پەرلەمانتار پێنج ملیۆن و 500 هەزار دینارە. زۆرترینیشیان نۆ ملیۆن دینار وەردەگرێ‌. هەر پەرلەمانتارێكیش بەبێ‌ هۆكاری یاسایی لە دانیشتنێك ئامادە نەبێ‌، بۆ ئەو دانیشتنە بڕی 500 هەزار دیناری لێ دەبڕدرێت.

بەختیار شاوێس، پەرلەمانتاری یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت "تا ئێستا ئامادەنەبوونی پەرلەمانتاران نەبووەتە دیاردە، بەڵام پەرلەمانتاریش هەیە 500 هەزارەكەی لێ بڕدراوە و هەندێجار ناویان لە راگەیاندن و وەقائیعی عێراقیشدا بڵاودەكرێتەوە".

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە