رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسێکی ئاسایشی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە کەشتییەک لە تەنگەی هورمز بە "تەنێکی نەناسراو" کراوەتە ئامانج، ئەمەش دوای ئەوەی میدیاکانی قەتەر باسیان لە هێرشێکی پێشووتر کرد بۆ سەر تانکەرێکی گواستنەوەی گاز.
ئاژانسی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند: "کاپتنی کەشتییەکی بازرگانی داواکاریی فریاکەوتنی ناردووە کە تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە کەشتییەکی دیکە لە تەنگەکەدا بە تەنێکی نەناسراو پێکراوە."
پێشتریش، ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی قەتەر بڵاویکردبووەوە کە رۆژی هەینی لە کاتی تێپەڕین بە ئاوەکانی کەنداودا، تانکەرێکی گواستنەوەی گازی قەتەری بە "چەند تەنێکی نەناسراو" هێرشی کراوەتە سەر. بەگوێرەی ئاژانسەکە، هێرشەکە کراوەتە سەر کەشتییەکی گواستنەوەی گازی سرووشتیی شلکراو (LNG) بە ناوی مایەدە کە سەربە کۆمپانیای قەتەرە بۆ گواستنەوەی گاز.
لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە مانگی شوباتەوە، ئێران بە مەبەستی سەپاندنی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر هاتووچۆی دەریاییدا، کەشتییەکانی لە تەنگەی هورمز و ناوچەی فراوانتری کەنداو کردووەتە ئامانج و دەڵێت، پێویستە کەشتییەکان بۆ تێپەڕین بەو رێڕەوە ئاوییەدا مۆڵەتی لێ وەربگرن. لە بەرامبەریشدا، ئەمریکا گەمارۆی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران.
راپۆرتەکەی قەتەر ئاماژەی بەوە کردووە کە لە هێرشەکەی رۆژی هەینیدا هیچ کام لە ئەندامانی تیمی کەشتییەکە بریندار نەبوون و هێرشەکە هیچ زیانێکی ژینگەیی لێ نەکەوتووەتەوە. کۆمپانیا قەتەرییەکە راشیگەیاندووە کە کەشتییەکە لە "دۆخێکی سەلامەتدایە" و بەردەوامە لە کارکردن.
قەتەر کە رۆڵی نێوەندگیر لەم جەنگەدا دەگێڕێت، لە چەند رۆژی رابردوودا هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕ کردوونەتەوە بە ئامانجی زیندووکردنەوەی دانوستاندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.



