رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی کوردی خەڵکی شاری سەڵماس لە پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵێک و شەش مانگە لە مالی لە کیشوەری ئەفریقا لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە بە بارمتە گیراوە و خێزانەکەشی داوای بەهاناوەچوون دەکەن.
سوهەیلا حەلیمی، خوشکی ئەو گەنجە، ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی تشرینی دووەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوو ساڵ لەمەوبەر براکەم بە ناوی (ئەفشار حەلیمی)، لە رێگەی کۆمپانیایەکی تورکییەوە بۆ کارکردن چوو بۆ مالی لە ئەفریقا، ماوەی شەش مانگ لەوێ کاری کرد و پەیوەندیمان پێوەی هەبوو، بەڵام دواتر خاوەنی کۆمپانیاکە تەلەفۆنی بۆ کردین و گوتی ئەفشار لەلایەن گرووپێکی چەکدارەوە رفێندراوە."
سوهەیلا ئاماژەی بەوە کرد، لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا کە ساڵێک و شەش مانگ تێپەڕ دەبێت، چارەنووسی براکەی بە نادیاری ماوەتەوە، گوتیشی: "ئەو گرووپەی براکەمیان بە بارمتە گرتووە، پەیوەندییان بە باڵیۆزخانەی ئێران لە مالی کردووە و داوای بڕێک پارەیان لە بەرامبەر ئازادکردنیدا کردووە، بەڵام بڕی پارەکەمان پێ نەگوتراوە."
خوشکی ئەو هاووڵاتییە کوردە رەخنەی لە کەمتەرخەمیی لایەنە فەرمییەکانی ئێران گرت و گوتی: "پێشتر براکەم خۆیشی داوای لە باڵیۆزخانەی ئێران کردبوو بە هانایەوە بچن، چەندین جاریش خۆمان داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە تاوەکو بۆ رزگارکردنی براکەم بێنە سەر هێڵ، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەداوینەتەوە."
سوهەیلا ئەوەشی خستەڕوو کە لەم دواییانەدا لە میدیاکانی ئەفریقادا هەواڵێک لەبارەی بە بارمتەگرتنی چەند کەسێک لە مالی بڵاوکراوەتەوە کە وێنەی ئەفشاری برای لە نێویاندا بینراوە؛ هەر بۆیە داوا لە رێکخراوە مرۆییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات هاوکارییان بکەن تاوەکو براکەی بە زیندوویی لە دەستی ئەو گرووپە چەکدارە رزگار بکرێت.



