رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیێنێت، دوو کەشتیی نەوتهەڵگر لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕین بە رێڕەوی قەدەخەکراوی تەنگەی هورمز، بەهۆی بەرکەوتنیان بە مینە دەریاییەکان تەقینەوە.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی تشرینی دووەمی 2026 لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دوو کەشتیی نەوتهەڵگر کە سیستمەکانی رادار و شوێنپێهەڵگرتنیان (GPS) کوژاندبووەوە و سەرجەم هۆشدارییەکانی هێزی دەریایی ئێرانیان پشتگوێ خستبوو، لە بەشی باشووری تەنگەی هورمز بەر مین کەوتوون و گڕیان گرتووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، پاش تەقینەوەکە دوو کەشتیی دیکەش کە بەنیازی تێپەڕین بوون، دەستبەجێ رێڕەوی خۆیان گۆڕیوە و پاشەکشەیان کردووە.
ئەم رووداوە لە کاتێکدایە کە لە چەند هەفتەی رابردوودا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندبوو تەواوی مینە دەریاییەکانی نێو رێڕەوە سەرەکییەکانی کەنداو و تەنگەی هورمزیان پووچەڵکردووەتەوە.
لە کاردانەوەیەکدا، حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسداران لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس، وەڵامی ئەمریکای دایەوە و نووسی: "ئەگەر راست دەکەن و تەنگەی هورمزتان لە مین پاککردووەتەوە، بە بەڵگە بیسەلمێنن نەک بە راگەیێندراو!"
سوپای پاسداران هۆشداریشی دایە سەرجەم کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەشتیوانی کە بە رێڕەوی باشووری تەنگەکەدا تێنەپەڕن بەوپێیەی مینڕێژکراوە و "باوەڕ بە بانگەشەکانی سێنتکۆم نەکەن."
تەنگەی هورمز یەکێکە لە هەستیارترین شاڕێگەکانی گواستنەوەی نەوت و وزە لەسەر ئاستی جیهان؛ بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی گواستنەوەی دەریایی نێودەوڵەتی، رۆژانە نزیکەی 20٪ـی نەوتی خاوی هەناردەکراوی جیهان بەم تەنگەیەدا تێپەڕ دەبێت.


