بانکی ناوەندی: پێدانی دۆلار بە گەشتیاران رانەگیراوە

07-04-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بانکی ناوەندیی عێراق رەتی دەکاتەوە دابینکردنی دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ گەشتیاران راگیرا بێت. فڕۆکەخانەی کەرکووکیش دەڵێت، پێدانی دۆلار بە گەشتیاران کێشەی نییە. 
 
بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەو هەواڵانە رەت دەکەینەوە کە باس لەوە دەکەن دابینکردنی دۆلار بە نرخی فەرمی کە 1320 دینارە بۆ هەر دۆلارێک، بۆ گەشتیاران راگیرا بێت".
 
بانکیی ناوەندیی عێراق باس لەوە دەکات: "بڕیارەکە هێشتا کارایە و دەنگۆ و هەواڵی راگرتنی پارەکە راست نییە"؛ ئاماژەی بەوەشکرد: "پرۆسەی دابینکردنی دۆلار بۆ گەشتیاران بە شێوەیەکی رێک و بە خێرایی بەڕێوەدەچێت و بەپێی سیستمێکی ئەلیکترۆنی پێشکەوتووە کە کۆمپانیاکان و بانکەکان لە فڕۆکەخانەکانی عێراق کاری پێدەکەن، بەتایبەتی دوای جێبەجێکردنی میکانیزمە نوێیەکان کە رێگە بە گەشتیاران دەدات پشکی دۆلارەکەیان بەپێی مامەڵەی دروست وەربگرن".
 
بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، جێبەجێکردنی ئەو میکانیزمە دەبێتە هۆی ئەوەی دۆلار شێوەیەکی خێرا و ئاسان بگاتە دەستی گەشتیاران؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "بانکی ناوەندیی عێراق مافی یاسایی خۆیەتی ئەوانە بداتە دادگە کە دەنگۆی ناڕاست بڵاودەکەنەوە بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری دراو و رەخساندنی دەرفەت بۆ یاری پێکردن".
 
هەر لەوبارەوە، هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی کەرکووک، ئەمڕۆ دووشەممە، 7ی نیسانی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی لە فڕۆکەخانەی کەرکووک بەردەوامە و هیچ کێشەیەکی نییە؛ رۆژانە بەگوێرەی خواست دۆلار دەدرێتە گەشتیاران".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە