رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران و فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانی عێراق لە 30/12/2022 فەرمانی بە وەزارەتى بەرگری داوە کە رێژەى ژنان لە سوپا زیاد بکات کە ئێستا ژمارەیان لە یەکە شەڕکەرەکاندا لە 200 ژن تێپەڕ ناکات.
وەعد قەدۆ، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق دەڵێت، "بەڕێز سوودانى بەو ئاراستەیە رۆیشتووە بۆ ئەوەى ژنان بخزێنێتە نێو یەکەی بەرگریکردن لە وڵات و بەشداریپێکردنیان لە دامەزراوەى سەربازی کە ئێستا لە 200 کەس تێپەڕناکەن. ناوەندى تایبەت نییە بۆ مەشقپێکردنى ژنان لەنێو سوپاى عێراق. لەنێو ناوەندەکاندا بەشێک هەیە بۆ مەشقى ژنان کە کاریگەر نییە، ئەگەر ئامانجەکە ئەوەبێت رێژەى ژنان لە سوپا بکرێتە 25% یان کەمێک کەمتر، پێویستە ناوەندى تایبەتیان بۆ بکرێتەوە".
لە ساڵى 1977 دامەزراندنى ژنان بە پلەى ئەفسەر لە سوپاى عێراق دەستیپێکرد، بەڵام ساڵى 1980 لەگەڵ دەستپێکردنى جەنگ لەگەڵ ئێران پلەدان بە ژنان لە سوپا راگیرا و تەنیا وەک کارمەندى سڤیل دادەمەزرێندران. ئەو بڕیارە رێژەى ژنانى لە یەکە شەڕکەرەکان بە پلەى ئەفسەرى کەمکردەوە.
ساڵى 2005 جارێکى دیکە دەرگەى پەیوەندیکردن بە سوپا بەڕووى ژنان لە عێراق کرایەوە، بەڵام زۆرینەیان یەکەى سڤیلیان لە وەزارەتى بەرگرى هەڵبژارد.
سەگڤان سندى، ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق گوتی، "دابونەریتى کۆمەڵایەتى و مەترسی لە یەکە شەڕکەرەکان، هۆکاربوون بۆ کەمیى رێژەى ژنان لەنێو سوپاى عێراق."
بەگوێرەى راپۆرتێکى بانکى نێودەوڵەتی کە لە 3/1/2023 بڵاویکردەوە، تەنیا 13%ـى خانمان هێزی کارى عێراق پێکدەهێنن کە لە دواى یەمەن بە دووەم کەمترین رێژەی کارکردنى خانمان دادەنرێت لەسەر ئاستى جیهان.

.png&w=3840&q=75)