رووداو دیجیتاڵ
دوو سەرچاوەی باڵا لە حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداویان گوت، شەوی رابردوو ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران چووەتە بەغدا و لەگەڵ عەلی زەیدی کۆبووەتەوە.
دوو سەرچاوەکە بە رووداویان گوت، کۆبوونەوەکە دەوروبەری کاژێر 10:00ی شەو دەستی پێکردووە و زیاتر لە کاژێرێکی خایاندووە.
بە گوتەی ئەو دوو سەرچاوەیە، ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی قائانی بریتی بووە لە پرسی جورف سەخر (جورف نەسر)ی پارێزگای بابل و قائانی رایگەیاندووە، گرنگە ئەو دۆخەی لەبارەی ئەو ناوچەیە هاتووەتە ئاراوە بە شەڕ چارەسەر نەکرێ، بەڵکو هەوڵ بدرێ لە رێگەی دیالۆگەوە یەکلایی بکرێتەوە.
سەرچاوەکان بە رووداویان گوت، لە کۆبوونەوەکەدا عەلی زەیدی سوور بووە لەسەر ئەوەی کە دەبێ حیزبوڵڵای عێراق جورف سەخر چۆڵ بکات.
دۆسیەی بردنی نەوت لە ناوچەی جورف سەخر (جورف نەسر) لە باکووری پارێزگای بابل، جووڵەیەکی سیاسی و پەرلەمانیی گەورەی لە بەغدا دروستکردووە. بەپێی زانیارییە پەرلەمانییەکان، لە ساڵی 2021ـەوە بۆریی گواستنەوەی نەوت لەو ناوچەیە کونکراوە و رۆژانە نزیکەی 20 هەزار بەرمیل نەوتی لێ دەدزرێ.
ئەگەرچی ناوچەی جورف سەخر هیچ کێڵگە و بیرێکی نەوتی تێدا نییە، بەڵام بۆریی سەرەکیی گواستنەوەی نەوتی باشوور بەرەو پاڵاوگەکانی دۆرە و بێجی بەو ناوچەیەدا تێدەپەڕێ.
بناس عەلی دۆسکی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دوێنێ دووشەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە ناوچەی جورف سەخر هیچ بیرێکی نەوت نییە، بەڵام ئەو بۆرییەی نەوت لە باشوورەوە بۆ پاڵاوگەکانی دۆرە و بێجی دەگوازێتەوە، کون کراوە و کەتیبەکانی حیزبوڵڵاش لەو ناوچەیەدان".
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە سەبارەت بە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەی جورف سەخر و ناوچەکانی دیکە گوتی: "تێڕوانینی حکومەتی عێراق لەسەر بنەمای ئەو راستییانە بنیات نراوە کە لیژنەی لێکۆڵینەوە دەستنیشانی کردوون؛ هەروەها کامێراکانی وەزارەتی ناوخۆ راسپاردەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوەیان پشتڕاست و پاڵپشتی کردووە کە پشت بە راپۆرتی ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکان دەبەستێت؛ بەقاچاخبردن و دزینی ئەم سەرچاوە سەرەکییە هەیە."
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەت پلانێکی تەواوی داناوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە و "پاککردنەوەی ئەو شوێنە لە هەر لایەن و دەستێک کە یاری بەم سامانە ستراتیژییەوە دەکات."



