رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، قبووڵ ناکەن دەوڵەت لەنێو دەوڵەتدا دروست بێت و هیچ لایەنێکی سیاسی، چەکدار یان عەشایەری لە سەرووی یاساوە نییە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پەرلەمان ناوی کەمتەرخەمەکان لە دۆسیەکانی وەزارەتی نەوت و دۆخی ئەمنیدا دەستنیشان دەکات و راسپاردە ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات.
هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە سێیەم کۆبوونەوەی لیژنەی پەرلەمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە قاچاخبردنی نەوت لەگەڵ وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ، هەروەها فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکانی عێراق کە ئێوارەی رۆژی دووشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2026 بەڕێوەچوو، تیشکی خستە سەر رۆڵی چاودێریی پەرلەمان و سەروەریی یاسا و گوتی: "پەرلەمان راسپاردە ئاراستەی سەرۆکوەزیران دەکات، بە تایبەتمەندی سەرۆکوەزیران سەبارەت بە بابەتی وەزارەتی نەوت، هەروەها بە تایبەتمەندی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان سەبارەت بە دۆخی ئەمنی، بە ناوهێنان و دەستنیشانکردنی کەمتەرخەمەکان و دەڵێین ئەمە کەمتەرخەمە ئینجا پلە و پێگەی هەرچەندێک بێت."
حەلبووسی جەختی لە سەروەریی یاسا بەسەر هەموو پێکهاتە و لایەنەکاندا کردەوە و رایگەیاند: "هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە. ئەمڕۆ نە لایەنێکی سیاسی لە سەرووی یاساوەیە، نە لایەنێکی چەکدار لە سەرووی یاساوەیە و نە لایەنێکی عەشایەری لە سەرووی یاساوەیە. دەقی دەستووری و یاسایی هەن و هەموومان پێیەوە پابەند دەبین."
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سوپاسی هەموو ئەو هێزانەی کرد کە لە رابردوودا بەدەم فەتوای مەرجەعییەتەوە چوون و چەکیان بۆ پاراستنی وڵات هەڵگرتووە، بەڵام دووپاتی کردەوە کە ئێستا دۆخی وڵات سەقامگیرە و قۆناخەکە گۆڕاوە و گوتی: "ئەمڕۆ قبووڵ ناکەین دەوڵەت لەنێو دەوڵەت دروست بێت. ئەوەی بە پێچەوانەی دەستوور و فەرمانەکانی دەوڵەت بڕوات، پێی دەڵێین نەخێر."
هەیبەت حەلبووسی ئاماژەی بەوە کرد کە هەمووان دەبێت پابەندی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەت و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بن، پەرلەمانیش وەک دەسەڵاتی چاودێری، هەر کەموکوڕییەک لە هەر وەزارەت، فەرماندە یان دامەزراوەیەکدا ببینێت، داوای گرتنەبەری رێکاری یاسایی دەکات.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رووی کردە بەرپرسان و فەرماندە ئەمنییەکان و ئاماژەی بەوەکرد، وڵات و هاووڵاتییان پێویستیان بە سەپاندنی ئاسایش، چەسپاندنی سەقامگیریی ئەمنی و پاراستنی سامانی گشتی هەیە و ئەوەشی بە ئەرکی سەر شانی ئەوان ناوبرد.
حەلبووسی پشتیوانیی خۆی و پەرلەمانی بۆ ئەو بەرپرسانە دووپات کردەوە کە بە شێوەیەکی راست و شەفاف کار دەکەن و گوتی: "ئەگەر بینیمان بە ئاراستەی راست و رووندا دەڕۆن، هەموو پاڵپشتییەکمان بەدەست دەهێنن، هەموو پشتیوانییەکمان دەبینن و ئێمە لە پێشتانەوە دەڕۆین."
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڕەشەی لێپرسینەوەی تووندی لە بەرپرسە کەمتەرخەمەکان کرد و رایگەیاند: "ئەگەر بینیمان شکست و کەمتەرخەمیتان هەیە، لێپرسینەوەتان لەگەڵ دەکەین؛ لێپرسینەوەی ئەمجارەش لێپرسینەوەیەکی ئاسایی نابێت با لەگەڵتان روون بم، لێپرسینەوەکە زۆر قورس دەبێت."
هەیبەت حەلبووسی باسی لەوەکرد کە هیچ پاساوێک بۆ کەمتەرخەمی لە بەڕێوەبردنی کەرتەکاندا قبووڵ ناکرێ و گوتی: "کاتێک بەرپرسیارێتییەکت پێ دەسپێردرێ و متمانەت پێ دەکرێ و لە کارەکەتدا شکست دەهێنیت یان کەمتەرخەمی دەکەیت، ئینجا بە ئەنقەست بێت یان بەهۆی گوێپێنەدان و پشتگوێخستنەوە بێت، لە هەردوو بارەکەدا تۆ کەمتەرخەمیت."



