رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە رووداوی گوت: "حکومەتی سووریا تائێستا داوای هیچ یارمەتییەکی سەربازی لە ئێمە نەکردووە و ئێمەش هیچ هەوڵێک بۆ دەستێوەردانی سەربازی لەو وڵاتە نادەین. رێگەش نادەین هیچ لایەنێک مەترسیی لەسەر ئاسایش و سەروەریمان دروست بکات."
رۆژی هەینی، 6ـی کانوونی یەکەمی 2024، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەوەی لە سووریا روودەدات راستەوخۆ پەیوەستە بە ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و کاریگەری لەسەر دروست دەکات، حکومەتی عێراقیش رێگەنادات هیچ لایەنێک مەترسیی لەسەر ئاسایش و سەروەرییەکەی دروست بکات."
باسم عەوادی دەڵێت، "هیچ شتێک بەناوی دابەشکردنی سووریا نییە و ئەو پرسە بەلای عێراقەوە هێڵی سوورە، بەڵام دەبێت ئەوە روون بێت کە حکومەتی سووریا تائێستا داوای هیچ یارمەتییەکی سەربازی لە ئێمە نەکردووە، بەڵام پێیان گوتین کە دۆخی وڵاتەکەیان خراپە و هۆشدارییان لە ئاڵنگارییەکان دا، ئێمەش هیچ هەوڵێک بۆ دەستێوەردانی سەربازی لە سووریا نادەین."
لەبارەی سنوورەکانەوە گوتەبێژی حکومەتی عێراق جەختی لەوە کردەوە، "سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا داخستووە و ئاسایشی ئەو ناوچە سنوورییانەمان بەتەواوی تۆکمە کردووە، هێزی پشتیوانی زۆریشمان ناردووەتە سنوورەکانەوە."
باسم عەوادی ئاماژەی بەوەش کرد، "یەکێک لە مەترسییەکانی ئەو گرژییانە کەمپی هۆڵە، کە مەترسییەکی گەورەیە و ترسمان لە ئازادبوونی خەڵکەکەی نێوی هەیە؛ چونکە ئەگەر ئەوە رووبدات جارێکی دیکە تیرۆر دەبێت بە مەترسییەکی گەورە بۆ عێراق و ناوچەکە بەگشتی. بۆیە ئێمە وەکو حکومەت لە هەوڵی دیپلۆماسی خۆمان بەردەوام دەبین بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کێشەکانی سووریا."
قسەکانی گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەکاتێکدایە، رۆژی 25ـی مانگی رابردوو؛ دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و هاوپەیمانەکانی لە لایەک و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تورکیاش لە لایەک، هێرشیان بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریا دەستپێکرد و لە 27ی مانگ حەلەبیان کۆنترۆڵ کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ