رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی هەواڵی "فارس"ـی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران، وردەکاریی سەردانێکی کتوپڕ و رانەگەیێندراوی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی بۆ تاران بڵاوکردەوە کە تێیدا لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەتەوە؛ باڵیۆزی عێراقیش سەردانەکە پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت بۆ رێگرییە لە هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورەتر لە ناوچەکەدا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 9ی تشرینی دووەمی 2026، ئاژانسی فارسی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانێکی چەند کاژێریی بۆ تاران کردووە و لەگەڵ محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کۆبووەتەوە.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، تەواوی تەوەرەکانی سەردانەکەی شاندی عێراق تایبەت بووە بە تاوتوێکردنی رێگەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا. لە کۆبوونەوەکەدا، قالیباف وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکانی عێراق، "پڕۆژەی دوو رۆژە"ـی ئێرانی بۆ زەیدی روونکردووەتەوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت ئەمریکا پێشوەختە رێز لە مافەکانی تاران بگرێت، سزاکان هەڵبگرێت و گەمارۆی دەریایی نەهێڵێت تاوەکو دانوستاندنەکان دەستپێبکەنەوە.
لە لایەکی دیکەوە، یاسر حەجاج، باڵیۆزی عێراق لە تاران بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاند: "سەردانەکەی عەلی فالح زەیدی سروشتێکی تایبەت و رانەگەیێندراوی هەبووە؛ ئامانج لێی گەیاندنی پەیام و تاوتوێکردنی شێوازی کەمکردنەوەی گرژییەکان و کۆتاییهێنان بووە بە جەنگ لە ناوچەکەدا."
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا نێوەندگیرانی قەتەری کۆمەڵێک پێشنیازی نوێیان لەبارەی سنووردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم خستووەتە بەردەم تاران بۆ ئەوەی رێگە لە دەستپێکردنەوەی شەڕێکی فراوانتر بگرن. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل هۆشداری دەدات لەوەی بانکێکی ئامانجی هەستیار و ئابووریی ئێرانی بۆ لێدانی ئاسمانی ئامادە کردووە.
هاوکات، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بە کەناڵی "فۆکس نیوز"ـیان راگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران؛ بە گوتەی بەرپرسانی واشنتن، کەشوهەوای رۆژی دووشەممە 9ی تشرینی دووەمی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گونجاوە بۆ ئەوەی تێیدا هێرش بکرێتەوە سەر ئێران.


.webp&w=3840&q=75)