رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای نەوتی گۆڵف کیستۆنی بەریتانی کە سەرپەرشتیاری کێڵگەی شێخانە لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 16.5 ملیۆن دۆلاری وەک یەکەم بەشی "پارەی تەواوکاری" لە بەرامبەر هەناردەکردنی نەوتەکەی وەرگرتووە؛ ئەمەش هەنگاوێکی نوێیە لە یەکلاکردنەوەی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا بیانییەکان لە دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت.
ئەم پارەیەی دراوەتە کۆمپانیاکە، زیاتر لە نیوەی ئەو 31.3 ملیۆن دۆلارەیە، کە وەک قەرز لەسەر فرۆشتنی نەوت لە مانگی ئەیلوول تاوەکو کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو (2025) لە لایەن بەغداوە مابووەوە. کۆمپانیاکە پێشبینی دەکات تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە تەواوی ئەو پارەیەی دیکەشی پێبگات.
بە وەرگرتنی ئەم پارەیە، کۆی پارەی نەختی بەردەست لە گەنجینەی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆندا گەیشتە 66 ملیۆن دۆلار، جیا لەوەی بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا 175 ملیۆن دۆلاری دیکەی لە فرۆشتنی بۆندەکانی پێ بگات.
سیستمی پارەی تەواوکاری (Top-up) چییە؟
بە عەرەبی (مستحقات تكميلية) دوای ئەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستیپێکردەوە، رێککەوتن کرا کە بەغدا بۆ هەر بەرمیلێک نەوت تەنیا نزیکەی 16 دۆلار بە کۆمپانیا نەوتییەکان بدات تاوەکو خەرجیی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتەکەی پێ دابین بکەن.
بەڵام بەپێی گرێبەستە بنەڕەتییەکان و بەهۆی بەرزبوونی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، مافی راستەقینەی کۆمپانیا بیانییەکان لە هەر بەرمیلێک نەوت زۆر لەو 16 دۆلارە زیاتر بوو. ئەو جیاوازییەی لە نێوان ئەو 16 دۆلارە و مافی راستەقینەی کۆمپانیاکەدا دروستبوو، وەک قەرز لەسەر کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) تۆمارکرا.
بۆ دانەوەی ئەو قەرزە، سۆمۆ ئێستا بڕە نەوتی زیاتر دەداتە کۆمپانیاکان تاوەکو بیفرۆشن و پارەکەیان تەواو بکەن، کە بە "پارەی تەواوکاری یان Top-up" ناسراوە.
پێگەی کۆمپانیاکە لە هەرێمی کوردستان
جۆن هاریس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گۆڵف کیستۆن دەستپێکردنی ئەم پرۆسەیەی بە "هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنی" بۆ کۆمپانیاکەیان و تەواوی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان ناو بردووە.
کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن خاوەنی 80٪ـی پشکەکانی کێڵگەی نەوتی شێخانە کە لە دووریی 60 کیلۆمەتر، دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای هەولێر. کۆمپانیای مۆڵ-ی هەنگاری خاوەنی 20٪ـەکەی دیکەیە. بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگەیە لە ساڵی 2013ـەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 155 ملیۆن بەرمیل نەوتی لێ بەرهەمهێندراوە.

