باڵیۆزخانەی ئەمریکا: لیندزی گراهام لە کۆبوونەوەکانیدا جەختی لە بەهێزکردنی دیموکراسی لە عێراق کردەوە

06-07-2022
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی سەردانەکەی لیندزی گراهام، سیناتۆری ناسراوی کۆمارییەکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. 
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "رۆژانی 4 و 5ـی تەممووز، لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکا سەردانی عێراقی کرد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی عێراق بۆ تاوتوێکردنی هاوکاری لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، مرۆیی و ئاسایش لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان." 
 
رۆژی 4ـی تەمموز، سیناتۆر گراهام بە یاوەری باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە بەغدا لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان کۆبووەوە. رۆژی 5ـی تەممووزیش سیناتۆر گراهام و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. 

 

 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "سیناتۆر گراهام لە کۆبوونەوەکانیدا پاڵپشتی بۆ ستراتیژییە لەپێشینەکانی ئەمریکا لە عێراق دەربڕی کە بریتین لە زیادکردنی سەقامگیری و گەشەیئابووری، بەهێزکردنی دیموکراسی و بەڕێوەبردن، دڵنیابوونەوە لە هەبوونی ئاسایش و سەروەریی. سیناتۆر گراهام پابەندبوونی ئێمەی بۆ عێراق وەک یەکێک لە هاوبەشە ستراتیژییە گرنگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دووپاتکردەوە و جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی دیموکراسیی عێراق کردەوە." 
 
باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەڵێت، "سیناتۆر گراهام چاوی بە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و عێراق خشاندەوە، ئەوەش بەگوێرەی رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات، لەوانەش لە رێگەی یارمەتیدانی بواری مرۆیی و سەقامگیریی، هاریکاریی ئابووری، هەوڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، بەهێزکردنی پێگەی ژن و ئاڵوگۆڕی بوارەکانی ئەکادیمی و کولتووری."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە